سەردێر

پەرە بە بەرهەمی ناوخۆ دەدرێت

بەرهەمهێنانی جپس لەپەتاتەی كوردستان پەرەی پێدەدرێت

خەڵك

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕایگەیاند، لەپێناو بەكارهێنانی بەرهەمی ناوخۆ یاداشتێك لەنێوان كارگەكانی جپس و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ئامادەكراوە.

حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لەنێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و كارگەكانی بەرهەمهێنانی جپس واژۆ بكرێت.

وتیشی: لە هەرێمی كوردستان ساڵانە زیاد لە 250 هەزار تەن پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەك كارگەی بەرهەمهێنانی جپس و فینگەری پەتاتە لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت و ئەو پەتاتەیەی بۆ جپس بەكاردێت پێی دەوترێت پەتاتەی پیشەسازی.

رونیشیكردەوە، لەگەڵ كارگەكانی پیشەسازی پەتاتە لەسەر هێڵین كە دەبێت بەرهەمی ناوخۆ بەكاربێنن و ئەو جۆرەی پەتاتە كە بۆ جپس و فینگەر بەكار دێت لەهەرێمی كوردستان بچێنن، ئێستا %40 ی ئەو پەتاتەیە لەهەرێمی كوردستان بەردەستە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەموو پێداویستییەكان لە هەرێم بەرهەمبێت.

ئەوەشی وت “چاودێری ئەو گرێبەستانە دەكەین كە لەنێوان كارگەكان و ئەو جوتیارانە هەیە كە پەتاتەی پیشەسازی دەچێنن، یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی وەزارەت پاراستن و گرنگیدانە بە بەرهەمی ناوخۆ”.

وتیشی: كارگەی بەرهەمێنان لە كوردستان زۆرە، بەڵام وەك كارگەی گەورە 4 بۆ 5 كارگەی بەرهەمهێنانی جپس لە هەرێم هەیە و ساڵانە پێویستیان بە 250 هەزار تەن پەتاتە هەیە وەك كەرەستەی خاو كە كاری لەسەر بكەن.

دەشڵێت، بەرهەمی جپس زووتر لە بەرهەمەكانی دیكە بەرواری بەسەرچوونی تەواو دەبێت ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ دروست دەكرێن بەو پێیەی زوو دەكەونە بازاڕەوە لەڕووی كوالێتیەوە زۆر باشترە لەوانەی لەدەرەوە دەهێنرێن وسەرچاوەكانیان نازانین، لە ڕووی تەندروستیشەوە وەزارەتی تەندروستی بەرپرسەو مۆڵەتی كاركردنیان پێدەدات.

وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ، وتیشی: لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لەسەر هێڵین و ژمارەیەك پڕۆژە ڕاگەیەندراوە لە پێناو بەكارهێنانی بەرهەمی ناوخۆ چ ئەوانەی لەقوتو دەنرێن و چ ئەوانەی مرەبا و شەربەتیان لێدروست دەكرێت یان ئەو بەرهەمانەی وشك دەكرێنەوە كۆمەڵێك پڕۆژە ڕاگەیەندراوە بەو هیوایەی وەبەرهێنەران و سەرمایەدراران ڕووبكەنە كەرتی كشتوكاڵ و ئەو پلانانەی دامان ناوە جێبەجێ‌ بكرێت.