سەردێر

مەترسی پێكدادانی ئێران و توركیا هەیە

ئێران و توركیا لەعێراق رووبەڕووی یەكدی دەبنەوە

خەڵك-

ناكۆكییەكانی ئێران و توركیا لە عێراق پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزەوە هەیە، هەردوولایەن هەوڵ دەدەن نفوزی گەورەی خۆیان لە ناوچەكەدا هەبێت بەپێی راپۆرتی گۆڤاری ناشناڵ ئینترست.

بەپێی ئەو راپۆرتە، تاران هەست بە نیگەرانی دەكات لە هەنگاوەكانی ئەنقەرە كە لە رێگای دژایەتیكردنی كوردەوە هەوڵی دامەزراندنی بوونی سەربازی درێژمەودای خۆی دەدات لە شەنگال، وەك پێشتر لە باكوری سوریا و پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان كردی.

عێراق و سوریا قوڵایی ستراتیژییان هەیە ئێران خوازیاری نزیكبوونەوەیە لە ئەم دوو وڵاتە، بۆیە ئێران خوازیاری بەشداریكردنی هیچ لایەنی دیكە نییە لە ئەم ناوچانەدا.

لای خۆیەوە توركیا خۆی بە ركابەری ئابووری سەرەكی ئێران دەزانێت لە بازاڕی عێراقدا، بۆیە هەنگاوەكانی زیادكردووە.

ئەنقەرە لە ساڵی 2019 دا بە بەهای 10.2 ملیار دۆلار كەلوپەلی بۆ عێراق ناردووە لە بەرامبەردا ئێران بە بەهای 9.6 ملیار دۆلار لە هەمان ماوەدا كەلوپەلی ناردووە.

كۆمپانیا توركییەكان وەبەرهێنانیان بە بەهای 25 ملیار كردووە لە 900 پرۆژەی نیشتەجێبوون و ژێرخان و وزە و ئاو و پیشەسازی لە شارەكانی عێراقدا كردووە.

كێبڕكێكانی ئێران و توركیا زیاتر بوون لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق، كە پێشتر كۆمپانیا ئێرانییەكان هەژموونیان بەسەردا كردبوو.

ئەم دوو هێزە هەرێمییە ناعەرەبییە هەوڵی مێژووییان هەبووە بۆ ئامانجەكانیان لە ناوچەی عەرەبیدا لە رێگای قۆرخكاری و كێبڕكێی راستەوخۆوە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی دژایەتییەكانی ئێران لە عێراق و كوژرانی قاسم سولەیمانی، توركیا دەڵێت كاتی شكاندنی نفوزی ئێرانە لە عێراق و گەڕاندنەوەی رۆڵی مێژوویی توركیایە لە ئەم وڵاتەدا.

توركیا هەوڵ نادات بۆ روبەڕووبوونەوەی ئێران لە عێراق، بەڵام دەیەوێت نفوزی ستراتیژی خۆی لە دراوسێكانی زیاد بكات، كە ئەم هەنگاو و كێبڕكێیانەی ئێستا مەترسی روودانی پێكدادانی نەخوازراوی دەبێت، چونكە نزیكبوونەوەی ئێران و توركیا لە هەندێك ناوچەی نفوز هەن، رەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندن بە ئاسانی، كاتێك یەكێكیان ببێتە ئاستەنگ بۆ بەرژەوەندی ئەوەی دیكەیان.

لە شوباتی 2020 ئێران و توركیا لە ئیدلب لە پێكدادانی راستەوخۆ نزیكبوونەوە دوای بڵاوبوونەوەی میلیشیاكانی ئێران بۆ یەكەمجار لە ئەم پارێزگایەی خۆرئاوای سوریا بۆ شەڕكردنی گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی توركیا.

لە حاڵی هێرشی توركیا بۆ شەنگال و روبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران، قورسە ئێران بە بێ دەنگ بمێنێتەوە.

ئەنقەرە هەڕەشەی هێرشی شەنگالی كردووە، حەشدی شەعبیش 3 لیوای لەوێ جێگیركردووە بۆ روبەڕووبوونەوەی توركیا، ئەنقەرە دەڵێت ئەوە پشتیوانیكردنی پەكەكەیە.

ماوەیەك لەمەوبەریش باڵوێزانی ئێران و توركیا لە عێراق لێدوانی توندیان لە دژی یەكدی دا لەسەر شەنگال.