سەردێر

ئاڵا تاڵەبانی: هەرێم پابەندكراوە مووچە بێ لێبڕین دابەشبكات

خەڵك
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراقدا بۆ ساڵی 2021، پارەی زیاتر بۆ پارێزگاكانی عیراق بەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە تەرخانكراوە و هەر بڕە پارەیەكیش بۆ هەرێم لەعیراقەوە بنێدرێت ئەولەویات بۆ مووچە دەبێت.

ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردساتی ڕایگەیاند: لەگەڵ فراكسیۆنی هیوا لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بڕگەیەكمان زیادكردووە كە حكومەتی هەرێم پابەندكراوە كە هەر بڕە پارەیەك لەبەغداوە بۆ هەرێم بێت، دەبێت ئەولەویات بۆ مووچە بێت و مووچە بێ پاشەكەوت و لێبڕین دابەشبكرێت.

ئاڵا تاڵەبانی وتیشی: لە پڕۆژەیاسای بودجەدا تا ڕادەیەكی زۆر كێشەی زەوی و زای ناوچە جێناكۆكەكان چارەسەر كراون، لەگەڵ ئەوەشدا پارەی پڕۆژەكانی پارێزگاكانی عیراق بەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە زیاد كراوە، هەروەها لە پڕۆژەكەدا هەلی زیاتر بۆ دامەزراندن و گرێبەستەكان دەڕەخسێت و پێویستە هەوڵەكان یەكبخرێت تا پڕۆژەكە تێپەڕێنرێت.