سەردێر

لەسەر پوولەكە تاران نوێنەری حكومەتی هەرێمی بانگهێشتكرد

خەڵك

لەبارەی ئەو پوولەی نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەرە، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بانگ دەكرێت.


نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران بە ڕووداوی ڕاگەیاند، لەسەر بابەتی پوولەكە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بانگكراوە و دەڵێت “لەلایەن بەرپرسی دۆسیەی عیراق قسەمان لەگەڵ كرا. دەتوانم بڵێم زۆر بەڕێزەوە بانگهێشتیان كردین و پرسیاریان لێكردین؛ داوای ڕوونكردنەوەیان كرد. وتیان: نامانەوێت زۆر قسە لەسەر ئەم بابەتە بكرێت، بەڵام ئەوە لە سوودی سیاسەتی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە، هەروەها دەستدرێژیی كردووەتە سەر خاكی ئێران، بۆیە پێمان خۆشە ڕوونكردنەوە بدەن”.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كورستان لە تاران باسی لەوەشكرد، لە ڕوونكردنەوەكەیدا بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیاندووە “ئەوەی كراوە كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو گرووپێكی هونەرمەند بۆ دەربڕینی هەست و بۆچوونی خۆیان هەستاون بەو كارە، ئەو شتەیان پێشنیازكردووە بۆ وەزارەتێكی تایبەت. وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی ڕەتكردووەتەوە كە پڕۆژەی حكومەت بێت، بەڵكو ئەوە پێشنیازێك بووە لەلایەن چەند كەسێكەوە لە وەزارەتێك. حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتیكردووەتەوە كە پابەندە بە دەستووری عیراق بە ڕەچاوكردنی مافەكانی مرۆڤ”.

لەبارەی وەڵامی بەرپرسانی ئێران بۆ وەڵامەكەیان، نازم دەباغ ئاماژەی بەوەكرد “وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونكردنەوەكەی ئێمەی قبوڵكرد، بەڵام وتیشیان پەیام بە عیراق دەدەین. ئەوەبوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە باسی لەوە كرد”.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و تاران، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران ئەوەی خستەڕوو “پەیوەندییەكان ئاسایین، بەڵام گلەیی و گازندە لە هەندێك كاتدا دەكرێت؛ ئەوەش كاتێك ڕووداوێك ڕوودەدات یان هەڵوێستێك دروستدەبێت”.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 7/3/2021 و لەكاتی سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، شەش پوولی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبەردەم پاپای ڤاتیكان نمایشكران، یەكێك لە پوولەكان وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەربوو. ئەوەش كاردانەوەی توركیا و ئێرانی بەدوادا هات.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان