سەردێر

چیای شنگال.. هەوڵێكی داعش پووچەڵكرایەوە

خەڵك

عیراق پووچەڵكردنەوەی هەوڵێكی دزەكردنی تیرۆریستانی داعش لە سوریاوە بۆ ناو خاكی عیراقی ڕاگەیاند.


فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردوو هێزێكی پاراستنی سنوور، بەرپەرچی هەوڵێكی دزەكردنی ژمارەیەك لە تیرۆریستانی داعشیان لەناو خاكی سوریاوە بە ئاڕاستەی سنووری كارگێڕی ناوچەی دووكچی ڕۆژئاوای چیای شنگال داوەتەوە و بەهۆیەوە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی فەوجی سێ و ئەو تیرۆریستانەی داعش لە چیای شنگال ڕوویداوە.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕووبەڕووبوونەوەكە سی خولەك بەردەوام بووە و لە ئاكامدا تیرۆریستان ناچار بەكشانەوە بۆ سوریا كراونەتەوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق ئەوەشی خستووەتەڕوو: دواتر هێزەكانی پاسەوانی سنوور، ئۆپراسیۆنێكیان بە ئامانجی ڕاوەدونانی تیرۆریستانی داعش لە چیای شنگال ئەنجامداوە.