سەردێر

دوای ڕاپۆرتێكی (خەڵك) وەزیری پەروەردە چەند بڕیارێكی بۆ خوێندكارانی 12ی ئامادەیی دەكرد

خەڵك
وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی پڕۆگرامی خوێندن بۆ وەرزی دووەم پێكدەهێنرێت و دەشڵێت: “چەند بڕیارێكی نوێ لەبارەی كاتی تاقیكردنەوەكانی خوێندكارانی 12ی ئامادەیی دەردەچێت و لە هەفتەیەكدا دوو تاقیكردنەوە دەكرێت”.

دوێنێ‌ شەممە (خەڵك) ڕاپۆرتێكی بە ناونیشانی “پۆلی 12 بایكۆتی دەوام دەكەن” بڵاوكردەوە و تێیدا باسی لە ناڕەزایی خوێندكاران كردبوو سەبارەت بە دەوام و پڕۆگرامەكانی خوێندن و ئاماژەیان بەوەكردبوو، “وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرترین ستەم لەو قۆناغەی ئێمە دەكەن، چونكە دەیانەوێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا سەرجەم پەرتوكی خوێندن بە ئێمە تەواو بكرێت، لەكاتێكدا لە حاڵەتی ئاسایشدا زۆرجار پەرتوك كەم كراوەتەوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ بڕیاریكێ بۆ ئەو مەبەستە نییە”.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕاگەیاند، خوێندكارانی ئەمساڵی پۆلی 12ی ئامادەیی قوربانیدەری یەكەمن، هەروەها باری دەروونییان تەواو نییە، ئەویش بەهۆی ئەوەی دەوام ڕادەگیرێت یان دەستپێدەكاتەوە، ئەمە وادەكات بیركردنەوەیان بپچڕێت و سارد ببنەوە.

لای خۆیەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، لە كۆبوونەوەیەك كە بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیارەكانی پەروەردە گشتییەكانی پارێزگاكان ئامادەبوون، چەند بڕیارێكی گرنگماندا. لەوانە؛ لە هەفتەیەك دوو تاقیكردنەوەی وەزاری ئەنجام دەدرێت، لیژنەیەكیش بۆ دیاریكردنی پرۆگرامی خوێندن بۆ وەرزی دووەم پێكهێنراوە و پێش دەستپێكی خوێندنی وەرزی دووەمیش لیژنەكە بۆ مامۆستایان و خوێندكارانی پۆلی 12 دەیخاتەڕوو.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو پرۆگرامەی بۆ خوێندنی ئەمساڵی خوێندكاران دیاری دەكرێت، بەشێوەیەك دەبێت لەگەڵ ڕۆژەكانی خوێندنی وەرزی دووەم گونجاو بێت و تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەمیش لە 29-03-2021 نابێت، بەڵكو دەخرێتە 10-4-2021 بۆ دەرفەتدان بە خوێندكاران.

بڕیارە رۆژی دووشەممە 15-03-2021 وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی نووسراوێکەوە تەواوی بڕیارەکان ئاشکرا بکات