سەردێر

خەڵك؛ هۆكارەكانی گران بوونی بەنزین ئاشكرادەكات

خەڵك-
ڕۆژ بەڕۆژ نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان گرانتر دەكرێت و هاووڵاتیان باجەكەی دەدەن و وەك ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی-ش ئاشكرای دەكات، چەند هۆكارێك لەپشت گرانكردنی نرخی بەنزینەوەن.

خاوەنی بەنزینخانەیەك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بە بازاڕی جیهانی نەوتی خاوەوە هەیە و ئەمڕۆ نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەرزكراوەتەوە بۆ 600 دینار و موحەسەن بۆ 650 دینار و سوپەر بۆ 750 دینار”.

لای خۆشیەوە، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەنزینی كوردستان هەمووی بازرگانییە، بازرگانییەكەی قۆرخ كراوە، كە هەم حكومەت و هەم كۆمپانیاكان گەلەكۆمەكێ‌ لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان دەكەن، چونكە حكومەتی هەرێم هەموو پاڵپشتییەكی بۆ سووتەمەنی بڕیوە و لەكاتی هێنانی بەنزینی بازرگانیش چەند جۆرێك پارە و ڕسوماتی دەچێتە سەر.

وتیشی، “لە مەرزەكان چەند جۆرێك پارە و ڕسومات دەخرێتە سەر هێنانی بەنزین و ئەوەش نرخەكەی زیاتر لەسەر گیرفانی هاووڵاتی گران دەكات، وەك وەرگرتنی بڕی 60 هەزار دینار بۆ پشكنینی كۆرۆنا بۆ شۆفێری بارهەڵگرێك، 60 هەزار دینار بەناوی مەنەفێستی گومرگی، 25 هەزار دینار بەناوی بیمە، 15 هەزار دینار بەناوی تەصحیحەی گومرگی، 10 دۆلار بەناوی گەراجێك لەتانجەرۆ كە تەنها سوڕێك بخوا تیایدا و پارەكە بدات، هەروەها چەند مەبلەغێكی تریش جگە لە پارەی گومرگ خۆی”.

ئاشكراشی كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیارێكی دەركردووە، كە لە ئۆكتانی 93 كەمتر نابێت داخڵ بكرێت و ئەوەش نرخی گرانتر دەكەوێت، هەروەها كۆمەڵێك ڕێنمایی تر، كە هیچی حسابی بۆ گیرفانی هاووڵاتی نەكردووە، بەڵكو هەمووی لە بەرژەوەندی كۆمپانیاكان و دەوڵەمەندكردنیانە.

بەپێی وتەی كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، “هاووڵاتیان باجی دۆخەكە دەدات، هەروەها ڕێنماییە خراپەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی لە دەروازە سنوورییەكان و قۆرخ كردنی كەرتی سووتەمەنی هۆكارن بۆ گران بوونی نرخی بەنزین و گرانتریشی دەكەن”.

سەرەڕای دابەزینی بەهای نەوتی خاو لە ساڵی ڕابردوودا بۆ نزیكەی 5 دۆلار بۆ یەك بەرمیل، بەڵام نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم نزیكەی 10 بۆ 15 دینار بۆ یەك لیتر كەم كرایەوە، بەڵام لە ماوەی ئەم دوو مانگەی نرخی نەوتی خاو بەرزبۆتەوە بۆ نزیكەی 70 دۆلار بەتێكڕایی، بە سێ‌ قۆناغ نزیكەی 15 بۆ 20 دینار نرخی هەر لیترێك بەنزین گران كراوە.