سەردێر

دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دواخرا

خەڵك-
هەرچەندە بڕیاربوو سبەینێ‌ دوو شەممە كۆبوونەوەی پەڕلەمانی عێراق تەرخان بكرێت بۆ دەنگدان لەسەر بڕگە و ماددەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی عیراق بۆ ساڵی 2021، بەڵام بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسیەكان ئەو پرسە دواخرا.

لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق لە نووسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەڕلەمان كۆتایی هاتنی بە كارەكانی لە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە ڕاگەیاندبوو، لا خۆشیەوە، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، كە لەسەر داوای ژمارەی یاسایی پەڕلەمانتاران، كە بە یاداشتی فەرمی پێشكەشیان كردووە، ڕۆژی دوو شەممە كۆبوونەوەی پەڕلەمان بۆ پەسەند كردنی بودجە دەبێت.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لە سەرچاوەیەكی پەڕلەمانییەوە دەستی كەوتووە، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان و كوتلەكانی پەڕلەمان لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان و هەروەها نرخی دۆلار و نرخی نەوت، بۆیە بڕیار دراوە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە نەكرێت و دەنگدان لەسەری دوابخرێت بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو.

هەر بەپێی زانیارییەكان، تا ئێستا لایەنە شیعەكان دواین پێشنیاری خۆیان لەسەر پشكی هەرێم نەخستۆتەڕوو لیژنەی داراییش هەمان ڕێككەوتنەكەی هەرێم و عێراقی لە پڕۆژە یاساكەدا جێگە كردۆتەوە و هەروەها بەشێكی لایەنە شیعەكان داوا دەكەن نرخی دۆلار كەم بكرێتەوە بۆ 130 هەزار دینار و لەبری ئەوە بەهای بەرمیلێك نەوت لە 45 دۆلارەوە زیاد بكرێت بۆ 55 دۆلار.

بەپێی خشتەی كاری كۆبوونەوەی سبەینێی پەڕلەمانی عێراق، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، لە بەرنامەی كاردا دەنگدان و پەسەند كردنی پڕۆژە یاسای بودجەی تێدا نییە و كۆبوونەوەكە تەرخان كراوە بۆ پەسەند كردنی چەند پڕۆتۆكۆڵێكی جیهانی، كە یراق تێیاندا دەبێتە ئەندام.

May be an image of text