سەردێر

سبەینێ‌ 3 گەڕەكی سلێمانی بێ‌ كارەبا دەبن

خەڵك-
لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی تۆڕی زیرەكی كارەبا لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، بەهۆی كاركردنیان لەسەر سێ‌ فیدەر بۆ بەستنی پێوەری زیرەكی ماڵان، هاووڵاتیانی ئەو سێ‌ گەڕەكە سبەینێ‌ كارەبایان نابێت.

لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی تۆڕی زیرەكی كارەبا لە سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی دەكەونە سەر فیدەری 54ی گەڕەکی چوارچرا پشت کۆمپانیای هەڵەبجە و فیدەری 57ی گەڕەکی کەنەسوورە و فیدەری 222ی گەڕەکی وڵوبە خوار مزگەوتی وڵوبەی کۆن، سبەینێ دوو شە‌ممه 15/3/2021 پێوه‌ری زیره‌كیان بۆ ده‌به‌سرێت.

ڕاشیگەیاندووە، له‌ كاتژمێر (8 ی به‌یانی تا 4 ی پاش نیوه‌ڕۆ) كاره‌بایان نابێت‌، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو سه‌لامه‌تی گیانی تیمه‌كانی كاره‌با و هاووڵاتیان خۆیان.

جەختیشی كردۆتەوە، ئاگاداری هه‌موولایه‌ك دەكەین، جگه‌ له‌ ستافی تایبه‌تی هۆبه‌كانی چاكسازی كاره‌با و كۆمپانیا، هیچ كه‌س بۆی نیه‌ ده‌ستكاری پێوه‌ره‌كان بكات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تووشی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بێت.