سەردێر

ڕۆژ بەڕۆژ نرخی بەنزین گران دەكرێت و بەرپرسانیش بێ‌ هەڵوێستن

خەڵك-
جارێكی دیكە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم و بەتایبەتی سنووری پارێزگای سلێمانی گران كرایەوە و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی-ش دەڵێت: “بەهۆی بێددەنگی بەرپرسانی ئیداری و لاوازی دامەزراوەكانی چاودێریەوەیە و باجەكەی هاووڵاتیان دەیدەن”.

سەرەڕای دابەزینی بەهای نەوتی خاو لە ساڵی ڕابردوودا بۆ نزیكەی 5 دۆلار بۆ یەك بەرمیل، بەڵام نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم نزیكەی 10 بۆ 15 دینار بۆ یەك لیتر كەم كرایەوە، بەڵام لە ماوەی ئەم دوو مانگەی نرخی نەوتی خاو بەرزبۆتەوە بۆ نزیكەی 70 دۆلار بەتێكڕایی، بە سێ‌ قۆناغ نزیكەی 15 بۆ 20 دینار نرخی هەر لیترێك بەنزین گران كراوە.

خاوەنی بەنزینخانەیەك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بە بازاڕی جیهانی نەوتی خاوەوە هەیە و ئەمڕۆ نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەرزكراوەتەوە بۆ 600 دینار و موحەسەن بۆ 650 دینار و سوپەر بۆ 750 دینار”.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی-یەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

لای خۆشیەوە، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو سیاسەتەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرتویەتییە بەر، بەدڵنیاییەوە دۆخەكە لەمە باشتر نابێت و بەڵكو خراپر دەبێت و نرخیش بەردەوام بەرزدەكرێتەوە.

ڕاشیگەیاند، بەنزینی كوردستان هەمووی بازرگانییە، بازرگانییەكەی قۆرخ كراوە، كە هەم حكومەت و هەم كۆمپانیاكان گەلەكۆمەكێ‌ لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان دەكەن، چونكە حكومەتی هەرێم هەموو پاڵپشتییەكی بۆ سووتەمەنی بڕیوە و لەكاتی هێنانی بەنزینی بازرگانیش چەند جۆرێك پارە و ڕسوماتی دەچێتە سەر.

وتیشی، “پێویستە پەڕلەمان قسەی هەبێت بەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە و هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگا توانای ئەو چاودێریە چڕەی نیە، چونكە بە هەموو لیژنەكان 3 ئۆتۆمبێلیان هەیە و فریای كارەكان ناكەون، بەڵام لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ پارێزگار تایبەت بەو پرسە كۆدەبینەوە”.

گران كردنی نرخی بەنزین لە هەرێم لەكاتێكدایە، كە نرخی سووتەمەنی بە گشتی لە عیراق جێگیرە و بەرزی و نزمی نرخی نەوتی خاو هیچ كاریگەری لەسەری نییە بەهۆی پاڵپشتی حكومەتی عیراق بۆ سووتەمەنی، بەڵام حكومەتی هەرێم ماوەی چەند ساڵێكە پاڵپشتی خۆی بۆ نرخی سووتەمەنی ڕاگرتووە.

بەپێی وتەی كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، “هاووڵاتیان باجی دۆخەكە دەدات، هەروەها ڕێنماییە خراپەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی لە دەروازە سنوورییەكان و قۆرخ كردنی كەرتی سووتەمەنی هۆكارن بۆ گران بوونی نرخی بەنزین و گرانتریشی دەكەن”.