سەردێر

داوادەكرێت كورد گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق نەكات

خەڵك-

سەرۆكی پارتی چەپی دیموكراتی كوردستانی سوریا ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ڕەوتە كوردییەكان چیدی بیر لە دانوستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی سوریا نەكەنەوە.

شەلال گەدۆ سەرۆكی پارتی چەپی دیموكراتیكی كوردستانی سوریا و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد بە كوردپرێسی ڕاگەیاند، گرنگترین پرسی ئەمڕۆی ڕۆژئاوای كوردستان پرسی گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكانە، چونكە هەموو كوردەكان چاویان لەم دانوستانەیە و ئێمە وەكو ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد (ENKS) لەم بارەوە جدین، چونكە خاڵی هاوبەشمان زۆرترە لە ناكۆكییەكانمان.

وتیشی”بوونی ئەمریكا لە دانوستانەكاندا زۆر گرنگە، چونكە ئەمریكا گەرەنتی دانوستانەكانی دەكات و شایەتحاڵی ئەوەین كە لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە ئەمریكا و نەبوونی تیمی ئەو وڵاتە، گفتوگۆكان ڕاگیرابوون”.

ئاشكراشیكرد، لەكاتی وەستانی گفتوگۆكان، پەیەدە هەڵمەتەكانی ڕابردووی دووپاتكردەوە و ئاگری لە هەموو نووسینگەكانمان بەردا و مامۆستایان و چالاكوانانی سیاسی و هاووڵاتیانی كوردیان دەستگیر كرد، پێشتریش لەسەر دووپات نەبوونی ئەم كردەوانە و هەڵمەتانە ڕێككەوتن كرابوو، بەڵام پەیەدە پابەندی هیچیان نەبوو.

ڕوونیشیكردەوە، پەنجا ساڵە كورد دانوستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی سوریا دەكات، بەڵام ئەنجامی نەبووە، ئەمڕۆش دانوستانەكان هیچ ئەنجامێكیان نابێت، چونكە بەرپرسانی سوریا وڵاتانی دیكەن و حكومەتی ناوەندیی خاوەنی بڕیار نییە.