سەردێر

چین ڤاكسینەكەی دەكاتە مەرجی پێدانی ڤیزا

خەڵك-

چین رایگەیاند رێوشوێنەكانی پێدانی ڤیزا ئاسان دەكات بۆ ئەو كەسە بیانییانەی خوازیاری سەردانی چینن بەمەرجی وەرگرتنی ڤاكسینی چینی.

ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە حكومەتی چین بڕیاری داوە داواكاری و مەرجەكان كەم بكاتەوە بۆ ئەو كەسانەی داوای ڤیزا دەكەن، بۆ ئەوانەی یەكێك لە ڤاكسینە چینییەكان وەردەگرن.

چاوەڕێ دەكرێت ئەم بڕیارەی چین لە سبەی دوو شەممەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ دەستپێكردنەوەی ئاڵوگۆڕ لە وڵاتان بە سیستمێكی رێكخراو.

داوا دەكرێت لە بیانییەكان كە دەچینە چین ڤاكشینی چینی وەربگرن و بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاكسینەكەیان پێ بێت لە كاتی گەشتدا.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت كە چین هەوڵ دەدات بازاڕكاری بۆ ڤاكسینەكانی بكات كە دروستی كردوون لەنێوخۆدا و لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتیشدا گرێبەستنی كردووە بۆ پێشكەشكردنی ڤاكسین بە وەرزشوانەكان كە لە ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ لە ژاپۆن ئامادە دەبن.

زۆرینەی دەوڵەتانی خۆرئاوا و رێكخراوی تەندروستی جیهانیش ڤاكسینە چینییەكانیان پەسەند نەكردووە بەهۆی تەواونەكردنی قۆناغەكانی ئەزموونكردنەوە.