سەردێر

دواین بڕیار بۆ بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان درا

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، كە هەر مالێك پێوەری ئاوی خولردنەوەی نەبەستبێت بە بڕی 200 هەزار دینار غەرامە دەكرێت و دەشڵێت: “لەم خوولی خوێندنەوەیەدا ناتوانرێت پارەكە لاببرێت”.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە خوولی (٩) بۆ ئەو هاووڵاتیانەی تا ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە بە پێی ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٨ تایبەت بە بەستن و خوێندنەوەی پێوەری ئاوی خواردنەوە كاردەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو پارەیەی داخڵ كراوە لە سیستم وەك غەرامەی نەبەستنی پێوەر، كە 200 هەزار دینارە ناتوانرێت لاببرێت لە سیستمەكە.

داواشی لە هاووڵاتیان كردووە، “پێش ئەوەی سەردانی ماڵەكانتان بكرێ بۆ خوێندنەوەی پێوەری ئاو، ئەوەی پێوەری نەبەستوە بیبەستێ”.

پێشتر، مەهدی مەحمود، سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ نزیكەی 10 قائیمقام و بەڕێوەبەرانی ئاوی سلێمانی و دەورووبەر و كۆمپانیاكانی پێوەری ئاو و كۆكردنەوەی پارەی ئاو كۆبوونەوە سەبارەت بە كێشە و گرفتەكانی پێوەری ئاو.

وتیشی، “باسمان لە كێشەی پێوەرەكانی ئاو كرد، چونكە كەس دژایەتی خودی پێوەری ئاو ناكات، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە پێوەرەكان هەڵەیان خوێندۆتەوە و هەوایان خوێندۆتەوە و كوالێتییان لاوازە، بۆیە بڕیاردراوە ئەو كێشانە چاك بكرێن لە پێوەرەكە هەروەها ئەوەی پارەی زۆری بۆ هاتۆتەوە چاك بكرێت”.