سەردێر

“نیگەرانی خەڵك لە حكومڕانی كوردی زیاتر دەبێت”

خەڵك-ئارام سەردار
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموكراتى گەلی كوردستان ڕایدەگەینێت، كۆمەڵێك هۆكار هەن، كە وایكردوە نیگەرانیەكانی خەڵك لە حوكمڕانی كوردی لەباشوری كوردستان زیاتر ببێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی حوكمڕانیەكی تەندروستمان نیە.

نەهرۆ عاڵایی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموكراتى گەلی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كۆمەڵێك هۆكار هەن، كە وایكردوە نیگەرانیەكانی خەڵك لە حوكمڕانی كوردی لە باشوری كوردستان زیاتر ببێت، كە بریتین لە هۆكاری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و نەبوونی جۆرێك لەحوكمڕانی باش بەهۆی ململانێی حزبی و قۆڕغكاریە حزبیەكان.

دەشڵێت: “لەسەر كۆمەڵێك بابەت وەك شێواز و ئەدای ئابووری و هۆكاری تر كۆمەڵگەی كوردی پۆلێنكراوە لەسەر حزبەكان، بەداخەوە هاووڵاتیبوون نەبۆتە سەنتەری بڕیاردانی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وایكردوە نیگەرانی زۆر هەیە لەسەر ئەمە”.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ستراتیژیەتی جۆری حوكمڕانی لەهەرێم گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەداخەوە هیچ گۆڕانكاریەك بەدی ناكرێن و ململانێكانیش لەنێوان حزبەكان قۆڵتر بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی حوكمڕانیەكی تەندروستمان نیە.