خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەژێر فشاردا تۆمەتباری چوارەم لە دۆسیەی سێ كەسی دەستگیركراو لەسەر “دزی و ڕێگری و كوشتنی كەسێكی عەرەب” خۆی ڕادەستكردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، دوای دەستگیركردنی سێ كەس لەلایەن هێزەكانمانەوە لەبەرواری (٨ ٬ ۹_ ۳_ ۲۰۲۱)، بەتۆمەتی دزیكردن و ڕێگریكردن و تەقەكردن و ڕوتكردنەوەی هاووڵاتیان و كوشتنی كەسێكی عەرەب ، دوێنێ هەینی (١٢_٣_٢٠٢١) تۆمەتباری چوارەم بەناوی ( ب ، ڕ ، ش) دانیشتوی ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ لەژێر فشاردا خۆی ڕادەستی هێزەكانمان كرد.
ڕاشیگەیاند، تۆمەتبارەكان لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە و ئاماژەیان بۆ ئەوەكردوە، سەرجەمیان بەشداربوون لەداڕشتنی پلان و ئەنجامدانی تاوانەكاندا و چوار كەسبوون.
ئاشكراشی كردووە، ئەو تۆمەتبارانە ەماوەی چەندین مانگە بەردەوامن لەڕێگای نێوان چەمچەماڵ- تەكیەی كاكەمەنددا.
ڕوونیشی كردۆتەوە، بەبڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەماددەی (٤۰٥) ڕاگیراون و ئەو ئۆتۆمبێل و چەكانەشی تاوانەكەی پێ ئەنجامدراوە دەستی بەسەردا گیراوە.