سەردێر

كەشوهەوای ڕۆژانی نەورۆز ڕاگەیەنرا

خەڵك-

پێشبینیەكان بۆ ڕەوشی كەشوھەوای رۆژانی داھاتوو تا ڕۆژانی نەورۆز بڵاودەكرێتەوە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “پلەكانی گەرما بۆ سەروو ئاستی ئاسایی بەرزدەبنەوە و كەشێكی بەهاری دروست دەبێت”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی كۆتایی ھاتنی كاریگەری شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەكانمان لە ئەمڕۆوە شەممە كەشوھەوای ھەرێم سەقامگیر ئەبێتەوە و پلەكانی گەرما قۆناغ بە قۆناغ بۆ ئاستی سەروو تێكڕای ئاسایی بەرزدەبنەوە.

ڕاشیگەیاند، لە ناوەڕاستی ھەفتەدا ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی مانگ كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی لاوازی دەریای ناوەڕاست كاردەكاتەوە سەر ناوچەكانمان بەشێوەی نمە باران لەھەندێك كات و ناوچەدا و كاریگەری لاواز ئەبێت بەگشتی و پلەكانی گەرما لەو مەودایە بەرزبوونەوەی بەرچاو بە خۆیەوە ئەبینێت بە جۆرێك لە سەنتەری پارێزگاكاندا بۆ نێوان ٢٣ تا ٢٦ پلەی سیلیزی بەردەبنەوە و لەھەندێك ناوچەی سنوری گەرمیان و كەركوك تا ٣٠ پلەی سیلیزی.

وتیشی، “لە ڕۆژانی ١٧ی مانگ تا ڕۆژانی نەورۆز و ڕێكەوتی ٢٢ی ئازار كەش بە سەقامگیری ئەمێنێتەوە و ئەگەری ھاتنی شەپۆلی بارانبارین لاواز ئەبێت لەو ماوەیەدا، هەروەها پلەكانی گەرما لە ئاستی سەروو تێكڕای ئاسایی ئەبن و كەش فێنك بۆ نیمچە گەرم ئەبێت”.

ئەو شارەزایەی كەشناسی پێشبینی ئەوەش دەكات، “لەبەرئەوەی كەش بەھاریانەیە، بۆیە گۆڕانكاری كەشی لەھەموو كات و ساتێكدا ئەگەری ھەیە لەم ماوەیەدا”.