خەڵك-
هەوڵی نێوانگیری بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان یەكێتی و پارتی دەستی پێكردووە و وەك میدیاكان باشی لێوەدەكەن، بڕیارە مەسعود بارزانی و لاهور شێخ جەنگی كۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر شوێنی كۆبوونەوەكە ڕێككەوتن نەكراوە، سەركردەیەكی پارتی-ش ڕایدەگەیەنێت، شوێنی كۆبوونەوە نابێتە كێشە.
بەپێی هەواڵی میدیاكان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نەوەیەكی شێخ مەحمودی حەفید دیداری لەگەڵ بارزانی و شێخ لاهور ئەنجامداوە و هەوڵی كۆبوونەوەی هەردووكیانی داوە و بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شێخ مەحمود شێخ کاوەی حەفید بڵاویكردۆتەوە، “ویستی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانمان دووپاتکردەوە بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ڕامانگەیاند کە لەو پێناوەدا هەوڵ و هەنگاوی زۆرمانناوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و ڕزگارکردنیان لە نەهامەتی و برسێتی و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، ڕاشمانگەیاند کە هەر هەوڵ و هەنگاوێک لەو پێناوەدا بێت پێشوازیی لێ دەکەین”.
ئاری هەرسین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و پەڕلەمانتاری پێشووی ئەو حزبە لە پەراوێزی دیدارێك لە سلێمانی بۆ ڕۆژنامەونووسان وتی، “هەموو دانوستانێك پێویستی بە كەشێكی ئارام هەیە بۆ ئەوەی سەربگرێت، ئەم كۆبوونەوەیەك جۆرێكە لە دانوستان، بۆیە بۆ ئەوەی دانوستانەكە سەربگرێت پێویستە كەمێك موڕاعاتی بكەین”.
سەبارەت بە شوێنی كۆبوونەوەی بارزانی و لاهور شێخ جەنگی ئاخۆ لە هەولێر یان سلێمانی دەبێت؟ وتی، “من ئاگاداری ئەوە نیم، بەڵام بەبڕوای من شوێن كێشە نییە، چونكە من بەشێك نیم لە تیمی گفتوگۆ و دانوستان بۆیە ئاگاداری وردەكارییەكان نیم”.
ئاری هەرسین داواشی كرد، “با چاوەڕێ بكەین بزانین ئەنجامی ئەو هەوڵە باشانەی دەدرێن بەكوێ دەگەن”.
دەربارەی ئەو پلی پۆستەیەی بۆ پاپا بە نەخشەی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە و كاردانەوەی توركیای لێ كەوتەوە ئاماژەی بەوەكرد، “سەیرم لێ دێت وڵاتانێك ئەوەندە ڕق و كینەیان لەدڵە تەنانەت خەونێك بە ئێمە وەك گەلێك ڕەوا نابینن، خۆ هەمووان دەزانن نەشخەی كوردستان لەسەر پولێك نابێتە هۆی دروست بوونی دەوڵەتی كوردی، خۆ دنیا كاول نابێت و یەك میلیمەتر لە خاكی توركیا نە كەم دەكات و نە زیاد دەكات بەو پلە”.