سەردێر

پۆلی 12 بایكۆتی دەوام دەكەن

"كەسانێك لە دەرەوەی پەروەردە بڕیار بۆ پەروەردە دەدەن"

خەڵك-تەنیا هەورامی

بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ جارێكی دیكە دەرگای سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ماوەی دوو هەفتە داخرایەوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 مامۆستا و خوێندكار لە هەرێم لەو ماوەیەدا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و چەند قوتابخانەیەكیش پیشتر داخران، ئەمەش كاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن كردووە و بەشێك لە پسپۆڕانی بوارەكە پێیانوایە نەكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان باشتر و شیاوترە لەوەی هەر ڕۆژە و بە بیانوویەك خوێندكاران لە دڵەڕاوكێی داخستنی دەرگاكان و كۆرۆنا دەخەنە مەترسییەوە، كە هۆكارێكە بۆ سەرنەكەوتنی پڕۆسەی خوێندن.

بەپێی بەدواداچوونێكی (خەڵك) بەشێك لە خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەیانەوێت بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەن، چونكە وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەوان لەگەڵ سەرجەم ناوەندەكانی دیكە چ جیاوازییەكانیان هەیە، ئەگەر مەبەست تەشەنەسەندنی كۆرۆنا بێت ئەوانیش مرۆڤن و پێویستە بڕیارەكان گشتگیر بن.

ئاشكراشی دەكەن، وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرترین ستەم لەو قۆناغەی ئێمە دەكەن، چونكە دەیانەوێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا سەرجەم پەرتوكی خوێندن بە ئێمە تەواو بكرێت، لەكاتێكدا لە حاڵەتی ئاسایشدا زۆرجار پەرتوك كەم كراوەتەوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ بڕیاریكێ بۆ ئەو مەبەستە نییە.

لای خۆشیانەوە مامۆستایان پۆلی 12ی ئامادەیی ڕەخنەی زۆر پڕۆگرام و كەمی ماوەی خوێندن لە حكومەتی هەرێم دەگرن و پێیان وایە زیانمەندی كۆتایی تەنها خوێندكارانن.

ئەحمەد عەلی، مامۆستای قۆناغی 12ی ئامادەییە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە وەك مامۆستایان هەرجۆرێك بێت دەتوانین بە خێراییەكی زۆر پەرتوك تەواو بكەین، بەڵام هیچكاتێك مافی خۆی پێنادەین و خوێندكاریش ناتوانێت لە بابەتەكە بگات.

وتیشی، “پێشتر وەزارەتی پەروەردە داوای پلانی لە مامۆستایان دەكرد، بەڵام ئێستا خۆی زۆر بێ پلانە لەو بابەتانە و پێویست بوو بە پێی ئەو ماوەیەی دیاریكراوە بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی، پڕۆگرامی خوێندنی كەمبكرایەتەوە، ئەوكات مامۆستایان دەیانتوانی باشتر بابەتەكە شی بكەنەوە و خوێندكارانیش باشتر تێدەگەیشتن”.

خوێندكارێكی پۆلی 12ی ئامادەیی، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، وتی، “لە هەوڵی ئەوەداین كۆدەنگییەك بۆ دەستپێكردنی بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن كۆبكەینەوە، تاكو ئەوكاتەی وەزارەتی پەروردە پڕۆگرامی خوێندن كەم دەكاتەوە، چونكە ناتوانین ئەو هەموو وانانە بە كاتێكی كەم لێتێبگەین”.

وتیشی، “مامۆستایان مافی خۆیانە گرنگی بە بابەتەكان نەدەن، چونكە ئەوانیش كاتێكی كەمیان لەبەردەستە و لەسەریانە كە پڕۆگرامەكە تەواو بكەن، بەڵام دواجار زیانمەندی كۆتایی ئێمەی خوێندكارین”.

لای خۆشیەوە، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كێشەكە ئەوەیە هیچ بڕیارێك نییە بۆ كەمكردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن، دەكرێت داوا بكەین پێداچوونەوەیەك بكرێت بە بڕیاری كەمنەكردنەوەی پڕۆگرامی پۆلی 12ی ئامادەیی، هەرچەندە ئەوان لە قۆناغی كۆتایدان و نابێت زۆر كەم بكرێتەوە، بەڵام دەكرێت هەندێك بابەتی لاوەكی تێدا كەم بكرێتەوە، كە لەگەڵ دۆخەكە بگونجێت.

وتیشی، “خوێندكارانی ئەمساڵی پۆلی 12ی ئامادەیی قوربانیدەری یەكەمن، هەروەها باری دەروونییان تەواو نییە، ئەویش بەهۆی ئەوەی دەوام ڕادەگیرێت یان دەستپێدەكاتەوە، ئەمە وادەكات بیركردنەوەیان بپچڕێت و سارد ببنەوە”.

ئاشكراشیكرد، حەق نییە حكومەت بەو شێوەیە بیر بكاتەوە و پێویستە بەرپرسیارانە بڕیار بدات، هەست دەكەیت كەسانێك لە دەرەوەی پەروەردەوە بڕیار بۆ پەروەردە دەدەن، ئەوە كێشەیەكەیە، پێویست بوو لە بابەتی داخستنی قوتابخانەكان خەڵكانێكی پەیوەست بە بابەتەكە بڕیار بدات، هەرچەندە حەقی خۆیەتی تەندروستیشی تێدا بێت، بەڵام هیچ كەسێك ئاگای لێی نییە چۆن بڕیارەكان دەدرێن.