سەردێر

“پرسی دامەزراندن لە هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجە جێگیر دەكرێت”

خەڵك-

هەرچەندە 7 ساڵە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بڕیارە حكومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای بودجەی هەبێت و بەپێی زانیارییەكانیش، چاوەڕێ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت بۆ تەواوكردنی پڕۆژە یاساكە، بەپێی زانیارییەكانیش جگە لە حاڵەتی تایبەت و دەگمەن هیچ جۆرە دامەزراندێك لە هەرێم بوونی نییە، ئەمەش لەكاتێكدایە ساڵانە بە هەزاران خوێندكاری زانكۆی و پەیمانگاكان خوێند تەواو دەكەن و بە بێكاری دەمێننەوە.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەركات پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە بكرێت، هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان هەیە بە دامەزراندن و پلە بەرزكردنەوە و خانەنشینی و هەموو پڕۆژەكانی خزمەتگوزارییەوە لەناو پڕۆژەكە جێگیر دەكرێن.

وتیشی، “هەموو ئەو بابەتانە ڕاوەستاوە لەسەر هێزی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەگەر پشكی هەرێم لە عێراق جێگیر كرا، كە نزیكەی 13 ترلیۆنە، ئەمە دۆخی هەرێم زۆر باش دەبێت و دەتوانێت پلانی دارایی خۆی جێبەجێبكات، بەڵام ئەگەر دەنگی لەسەر نەدرا، حكومەتی هەرێم بەگوێری ئەو داهاتەی ئێستا و ئیمكانیاتی خۆی ئەو پلانانە دادەڕێژێت”.