خەڵك-
كۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی سەبارەت بە مەترسییە ناوخۆی و دەرەكییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە و داوای یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ڕۆحی بەرگری و درێژەدان بە خەبات و تێكۆشان، لەپێناوی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستاندا، لە ئاستێكی باڵادایە.
كۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی، كە بە بڕیاری (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و یەكێتی پەڕلەمانتارانی كوردستان) پێكهاتووە لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوژمنانی كوردستان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیلانی ترسناكتر دادەڕێژن بۆ لەنێوبردنی هەموو ئەو دەستكەوتانەی، كە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان لە نیو سەدەی ڕابردوودا بە دەستی هێناون. مخابن، ئاڵۆزی و ناكۆكی سیاسی لەنێوان پارتە سیاسییە سەرەكیەكانی كوردستان، باروودۆخەكەی ئەوەندەی تر مەترسیدارتر و ناسەقامگیر كردووە.
ڕاگەیاندنێك بۆ گەلی كوردستان
كوردستانیانی خۆشەویست،
لای هەمووان ئاشكرایە، كە ووڵاتو گەلی كوردستان، بە فۆناغێكی پڕ لە مەترسیو ئاڵۆزدا تێدەپەڕن. دوژمنانی كوردستان، رۆژ لەدوای رۆژ پیلانی ترسناكتر دادەڕێژن، بۆ لەنێوبردنی هەموو ئەو دەستكەوتانەی كە بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە نیو سەدەی رابردوودا، بە دەستی هێناون. مخابن، ئاڵۆزیو ناكۆكی سیاسی لەنێوان پارتە سیاسییە سەرەكیەكانی كوردستان، باروودۆخەكەی ئەوەندەی تر مەترسیدارترو ناسەقامگیر كردووە. بەمەش، پێگەی كوردی لاواز كردووەو زیانی گەورەی گەیاندووە بە تواناكانی بەرگریو رووبەرووبوونەوەی ئەو پیلانانە. ئەم بارودۆخە، لەلایەكەوەو، دڵەڕاوكێ سەبارەت بە داهاتووی نادیاری كوردستان، لەلایەكی ترەوە، بۆتە هۆی ئەوەی جۆرێك لەبێهیوایی باڵی كێشاوە بەسەر بەشێكی گەورەی خەڵكدا، لە هەموو بەشەكانی كوردستان. هەڵبەتە، لە بەرامبەدا روحی بەرگریو درێژەدان بە خەباتو تێكۆشان، لەپێناوی مافە رەواكانی گەلی كوردستاندا، لە ئاستێكی باڵادایەو خەڵك دەستبەرداری خەونو هیواكانیان نابن، بە دوارۆژێكی ئازادو ژیانێكی شەرافەتمەند.
وەك ئاگادارن، لە رۆژی (21/11/2020)، لەلایەن كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانو یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستانەوە، كۆنفڕانسێكی نەتەوەیی بەناوی (كۆنفڕانسی پێشخستنی دیالۆگی ناوخۆیی)، رێكخرا. بەپێی بڕیارەكانی ئەو كۆنفڕانسە، كۆمیتەیەك بەناوی (كۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی)، پێكهێنرا. لەم بارودۆخە هەستیارەدا، (كۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی)، لەسەر ئاستی باڵا، پەیوەندی بە لایەنە ناكۆكەكانەوە كرد و پەیامی دیالۆگو ئاشتی بۆ بەرێكردن و دیداری لەگەڵیاندا ئەنجامدا. كۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی، لەسەر هەوڵەكانی خۆی بۆ ئاشتی و دیالۆگ بەردەوام دەبێت. ئەم هەنگاوانە بۆ رەخساندنی كەشو هەوای دیالۆگێكی نێوخۆیی، نیشتیمانی، لە نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا، بە كارێكی زۆر پێویست دەزانین. ئەنجامە سەرەتاییەكانی ئەو هەوڵانە هیوابەخشن، هەرچەندە ئاڵۆزییەكان سەختن و دابڕانەكان، كێشەی قووڵیان دروست كردووە، ئەمەش وادەكات، پڕۆسەكە دوورو درێژ بێو هەوڵاو تەقەلاكان بێ ووچان بنو پشتیوانی هەموو لایەكتانی دەوێ، بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجێكی ئەرێنی. ئەنجامی كۆتایی ئەم هەوڵانە، دەبێ نەك هەر نەهێشتنی ئاڵۆزیو ناكۆكی لە نێوان ئەم هێزانەدا بێنێتەدی، بەڵكو بتوانن پێكەوە هەڵبكەن، یەكدی قبووڵا بكەنو رێز لە جیاوازییەكان بگرن. بەمەش دەتوانن متمانە لەنێوان خۆیاندا بنیات بنێنو زیان بە یەكدی نەگەیەننو بەرژەوەندی یەكتر لەبەرچاو بگرن. لەوبارەدا، دەكرێ لەبڕی ترسو نیگەرانی لە بەیەكدادانو ئاڵۆزی، بیر لە جۆرێك لە هەماهەنگیو دەستنیشان كردنی هێڵی سوورە نیشتیمانیو نەتەوەییەكان بكەنەوەو دۆستانو دوژمنانی گەلەكەمانو مافەكانی، بە دروستی دەستنیشان بكەن.
گەلی ستەمدیدەی كوردستانی
ئەم هەوڵانە، بێ پشتگیری ئێوە ناگەنە ئامانجو ئەنجامە ئەرێنیەكان. بۆیە داواكارین لە هەموولایەك، هەر كەسو لەلای خۆیەوە، بە گوتارو هەڵسوكەوتی رۆژانە، ئەم هەوڵە دڵسۆزانە سەربخەن. با هەموو پێكەوە كەشو هەوای ئاشتی بئافرێنین، رێزگرتن لە جیاوازیەكان پەرەپێبدەین، لە دژی چاندنی تۆوی رقو كینە بوەستینەوە. با رێگە نەدەین، ئاڵۆزیو ناكۆكی سیاسی نێوان پارتو رێكخراوە سیاسییەكان، ببێتە هۆی لەدەستدانی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان، كە بە قوربانیو فیداكاری زۆر گەورە بەدەست هێناون.
لەم رۆژانەدا، گەلی كوردستان پێشوازی لە جەژنی نەوروز دەكات. جەژنی هیوا، ئاشتیو هەڵهاتنی خۆری ئازادی. هیوادارین پارتە سیاسییەكانی كوردستان، ئەم جەژنە بكەنە دەرفەتێك بۆ بنیاتنانی كەشوهەوای دیالۆگێكی نیشتیمانی، نەتەوەییو بە هەنگاوی كردەیی لەم بوارەدا، دڵی گەلی كوردستان خۆش بكەنو ساڵی داهاتووی كوردی، بكەن بە ساڵی ئاشتیو پێكەوە ژیانو خەبات، لەپێناو مافە رەواكانی گەلی چەوساوەی كوردستان.
كۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی
13/3/2021