سەردێر

پشكی بودجە و مووچەی هەرێم گەیشتە قۆناغی كۆتایی

خەڵك-
كۆتایی بە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 هێنراوە و پشكی هەرێم گەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی لە چاوەڕوانی ڕێككەوتنی لایەنە شیعییەكان و لیژنەی دارایی پەڕلەمان دەڵێت: “تەنها ماددەی 11ی پشكی هەرێم ماوە، كە تا ئێستا شیعەكان لەسەر پێشنیارێك نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی”.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ (شەفەق نیوز) ڕایگەیاندووە، پڕۆژە یاسای بودجە لە 15ی مانگی ڕابردووەوە ئامادە كراوە بۆ دەنگدان و ڕەوانەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان كراوە، بەڵام تەنها ماددەی 11ی تایبەەت بە پكشی هەرێم هەڵپەسێردراوە و یەكلایی نەكراوەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كوتلە شیعییەكان تا ئێستا ڕێكنەكەوتوون لەسەر ئەو دەقەی لەناو پڕۆژە یاساكە هەیە و هەروەها هیچ دەق و پێشنیارێكی جێگرەوەشیان پێشكەش نەكردووە، هەر بۆیە تا ئێستا پڕۆژە یاساكە نەخراوەتە ناو بەرنامەی كار بۆ دەنگدان لەسەری.

ئەو پەڕلەمانتارە كوردە پێی وایە، “دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بودجە لە ڕۆژی دوو شەممەی داهاتوو پەیوەستە بە ڕێككەوتنی كوتلە شیعییەكان لەسەر ئەو دەقەی لە پڕۆژەكەدا هەیە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە دوابخرێ‌ بۆ ڕۆژانی داهاتوو”.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجە، كە حكومەتی عیراق پەسەندی كردووە، هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەكەی بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی عیراق بكات لەگەڵ نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان و لەبەرامبەردا بڕی 12.67%ی بودجەی پێ‌ دەدرێت.