سەردێر

كۆمەڵی دادگەری: چاكسازی لەبەرپرسانەوە دەست پێبكرێت

خەڵك-ئارام سەردار

ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەت و دەسەڵاتی كورد بەرپرسن لەبەدی نەهاتنی كۆمەڵێك دەستكەوت و ئامانج، چاكسازیش دەبێت لەبەرپرسانەوە دەست پێبكرێت.

شوان ڕابەر، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەت و دەسەڵاتی كورد بەرپرسن لەبەدی نەهاتنی كۆمەڵێك دەستكەوت و ئامانج، ئەو دەستكەوتانەشی هەیە بەباشی جێبەجێ ناكرێن، بۆیە ئەركی دەسەڵاتە بەخێرایی چارەسەری كێشەكان بكات.

دەشڵێت: “پێویستە حكومەت ژیان و گوزەرانی خەڵك و خانەنشین و مووچەخۆران خۆشبكات و دادگەری بەرپابكات، كارەكانیشی لەداهات و خەرجی ڕوون و شەفاف بێت، هەروەها بە یەك شێوە مامەڵە لەگەڵ هەموو حزبەكان و ناوچەكانی كوردستان بكات، جێبەجێ كردنی یاساش بۆ هەمووان وەك یەك بێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە حكومەت گەندەڵی بنبڕبكات و چاكسازیش لە بەرپرسە باڵاكانەوە دەست پێبكات، ئابووری هەرێمیش بەهێز و سەربەخۆ بكات، هاوكات پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و ناوچەكە و بەغداد و هاووڵاتیان بەهێزبكات، بۆ ئەوەی هەمووان بەیەكەوە بەرگری لەكیان و هەرێمی كوردستان بكەن.