سەردێر

بە وێنە، كاردانەوەی پولەكەی پاپا لەلایەن هاووڵاتیانەوە

خەڵك-

دروستكردنی پولێك، كە وێنەی پاپا فارنسیس و نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەرە، توركیا و ئێرانی نیگەران كردووە و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاشكرای دەكەن، پولەكە فەڕمی نییە، دوابەدوای هێرشەكانی ئێران و توركیا وەك وەڵامێك بۆ ئەو دوو وڵاتە (هاشتاگی پولەكە) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستیپێكرد.

بەپێی زانیارییەكان، هاووڵاتیان لە بری پاپا وێنەی خۆیان یان وێنەی سەركردەیەكی گەورەی كورد دادەنێن و پێیانوایە ئەگەر سەركردەیەكی كورد لە بری پاپا دابنرایە باشتر و شیاوتر و گشتگیرتر دەبوو.

هاووڵاتیان ڕەخنەی ئەوەش دەگرن، پێویست حكومەتی هەرێم لە بری پاپا وێنەی سەركردەیەكی گەورەی كوردی لێدابایە، ئەوكات هەموو كورد بە موسڵمان و ناموسڵمانەوە پشتگیری ئەو پولەی دەكرد، بەڵام ئێستا پاپا دانرابێت لەلایەك و هێرشی وڵاتانی هەرێمیشی لەسەر بێت پشتیوانیكردنی ئەستەمە.

لای خۆشیەوە عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ڕایگەیاند، هێرش و كاردانەوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی وڵاتانی دراوسێ لەبەرامبەر نەخشەی كوردستان كە لەسەر (پولێك) دروستكرابوو، ئاماژەی چەند ڕاستییەكە بەتایبەت ئەوان دەزانن دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان (لە هەردوو زۆنەكە!) وابەستەی بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیانە، بۆیە چاوەڕێیان لێناكەن كارێكی لەو جۆرە بكەن یان بیر لە شتێكی وا بكەنەوە.

وتیشی، “سی ساڵە حزبە دەسەڵاتدارەكان بۆ مانەوەی خۆیان و سڕینەوە یان لاوازكردنی ئەوی دیكە، پەنایان بردۆتە بەر وڵاتێكی دراوسێ و لەو پێناوەشدا سڵیان لە هێنانی لەشكر و سوپای بێگانە بۆسەر خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان و لێدان لەیەكتری نەكردووەتەوە، بوونی بارەگای سەربازیی و هەواڵگریی دراوسێكانیش (بەئاشكرا) لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەڵگەی ئەو ڕاستیە تاڵەیە!”.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، لە ئاستی ناوخۆدا ئەوەندە تاكی كورد بێ ئیرادە و بێ ئینتیما كراوە، لە ڕووداوێكی لەم جۆرەدا لەبری پشتیوانیكردنی میللی لە حكومەت و سیستمی سیاسیی هەرێم، زۆرێك لە خەڵك و كۆمەڵگە یان گرنگی پێنادەن یان ڕەخنە لە حكومەت دەگرن !

 

ناوبراو ڕاشیدەگەیەنێت، گرێی خۆبەكەمزانین و بێگانەپەرستی لای دەسەڵاتی سیاسیی گەیشتووەتە ئاستێكی خەتەرناكی وا كە پێی شەرمە گرنگی بە ڕەمزەكانی خۆی بدات لە نمونەی (قازی محەمەد و سەڵاحەدینی ئەیوبی…هتد) ئەگەرنا تۆ لەبری پاپا، بۆچی وێنەی یەكێك لەو سەركردە مێژوكردانە ناخەیتە سەر پول و بە نوێنەری وڵاتان و شاندە بیانییەكان كە دێنە هەرێم ناڵێی، كورد خاوەنی خاك و مێژوو و زمان و نەتەوەی خۆیەتی و دەبێت وەك خۆمان بمانناسن و ڕێزمان بگرن؟.

دەشڵێت: “نەخشەی جیۆسیاسی و ئاڵا و مێژوو و نەتەوە، موڵكی حزبەكان نیە، بەڵكو ناسنامەی میللەتێكی بێ سیادەیە كە لەسایەی بێویژدانی و بەرژەوەندخوازیی زلهێزانەوە، بە زیاتر لە چل ملیۆن ئینسانەوە، قەوارەیەكی سەربەخۆی پێ ڕەوانابینن، كوردستان وەك خاك و كورد وەك نەتەوە، ئێمە دروستمان نەكردووە، بەڵكو شتێكی (خواكرد)ـە و پێویستە وڵاتانی دراوسێ كە خۆیان بە مسوڵمان دەزانن، ئەو حەقیقەتە لەبەرچاو بگرن و ئینكاری بڕیاری خوای گەورە نەكەن، چونكە جیاوازی زمان و نەتەوەكان یەكێكە لە ئایەتەكانی خوای گەورە و هەركەس نكۆڵی لە وجودی كورد و كوردستان بكات، دژایەتی و ئینكاریی ئایەتێكی خوای گەورەی كردووە”.