سەردێر

عیراق بڕیار لەبارەی ڤاكسینێكی دیكەی كۆرۆنا دەدات

خەڵك-
دوای پەسەند كردن و بەكارهێنانی ڤاكسینی (سینۆفارم)ی چینی دژی كۆرۆنا، حكومەتی عیراق بڕیار لە جۆرێكی دیكەی ڤاكسینی كۆرۆنا دەدات دوای پەسەند كردن و یەكلایی كردنەوەی لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە.

ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی عیراق لەزاری د. ڕیاز حەلفی، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی بڵاویكردۆتەوە، ڤاكسینی كۆمپانیای (ئەسترازینیكا)ی بەریتانی- سویدی تا ئێستا نەگەیشتۆتە عیراق و ئەگەری ئەوە هەیە هەفتەی داهاتوو بگات.

ڕاشیگەیاند، لەئێستادا لە گفتوگۆدان لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ زانینی دواین بڕیاریان لەسەر ئەو ڤاكسینە، كە ئاخۆ ئەو ڤاكسینە ڕادەگیرێت؟ بەتایبەتی دوای ئەوەی 4 وڵاتی ئەوروپی بەكارهێنانی ئەو ڤاكسینەیان ڕاگرت وەك ڕێكارێكی بەپەلە بۆ ئەوەی بزانن ئەو حاڵەتانەی مردن بە جەڵتە كە تۆماركراون دوای بەكارهێنانی ڤاكسینەكە هۆكارەكەی ڤاكسینەكە بووە یان هۆكاری تر بووە.

ئاشكراشی كرد، بەریتانیا ئەو ڤاكسینەی بۆ زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتی بەكارهێناوە، بەڵام هیچ حاڵەتێكی لەو جۆرە، كە ببێتە هۆی جەڵتە تۆمار نەكراوە.

ئەو بەرپرسەی تەندروستی وتیشی، “ژمارەی ئەو كەسانەی بە جەڵتە مردون دوای بەكارهێنانی ڤاكسینی ئەسترازینیكا زۆر كەمە لەكاتێكدا ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاووڵاتیان لەو 4 وڵاتە ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، بۆیە ئێستتا زاناكان توێژینەوەی لەسەر ئەكەن، ئەگەر بزانن ڤاكسینەكە دەبێتە هۆی جەڵتە ئەوا ڕایدەگرین و ئەگەر واشنەبێت ئەوا دەست بە بەكارهێنانی دەكەین”.