سەردێر

خێزانێكی كورد لە هیندستان: ژیانمان لەمەترسیدایە

خەڵك

خێزانێكی كورد لە هیندستانەوە نامەیەك ئاڕستەی سەرۆكی عیراق و هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی دەكات و ڕایدەگەیەنن:”ژیانمان لەمەترسیدایە”.


لە نامەكەدا هاتووە:”بەڕێزان، ئێمە خێزانێكی شەش كەسی گەرمیانین، ماوەی سێ ساڵە لە وڵاتی هندستانین، لە نەخۆشخانەی ئەستەرەین لە شاری بەنگەلۆر، زۆری مانەوەمان لە هندستان، لە ڕووی دارایی، كۆمەڵایەتی و دەروونیەوە، دایڕوخاندووین”.

دەقی نامەی ئەو خێزانە كوردە:

 

 

نامەیەك لە هیندستانەوە بۆ:
دكتۆر بەرهەم ساڵەح/ سەرۆك كۆماری عێراق
نێچیرڤان بارزانی/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان
مەسرور بارزانی/ سەرۆكی حكومەتی هەرێم
قوباد تاڵەبانی/ جێگری سەرۆكی حكومەت
بەڕێزان، ئێمە خێزانێكی شەش كەسی گەرمیانین، ماوەی سێ ساڵە لە وڵاتی هندستانین، لە نەخۆشخانەی ئەستەرەین لە شاری بەنگەلۆر، زۆری مانەوەمان لە هندستان، لە ڕووی دارایی، كۆمەڵایەتی و دەروونیەوە، دایڕوخاندووین.

هۆكاری مانەوەمان لەو ماوە دوور و درێژە لە هندستان، بەهۆی ( پەیام) كچەكەمانەوەیە، كە هەر لە منداڵیەوە، كێشەی دڵی هەبووە، ئەوكات بۆ نەشتەرگەری بردمانە تاران و مانگێك ماینەوە،

بەڵام لەوێ بێ ئومێدكراین و وتیان: كێشەی دڵی كاریكردووەتە سەر سیەكانی و تەنها ١٠ ساڵ دەژی، ئەوە ٢٠ ساڵە ئێمە تاران، سلێمانی، هەولیر، ئەك شار و ئەوشار، ئەم. وڵات و ئەو وڵاتی پێدەكەین. بەشمان بووەتەمانەوە لە نێو نەخۆشخانەكان، دەردەسەری زورمان بینی، بەڵام لەهەر كوێ تروسكاییەكمان شك بردبێ ، لەپێناو سەلامەتی كچەكەمان بۆی ڕۆشتووین، بەشێوەیەك بیست ساڵی ڕابردوو، هەر بە رێگەی دكتورەوە بووین.

دواجار لە كوردستان، بێ ئومێدكراین، ڕوومان لەهندستان كرد، ماوەی سێ ساڵە لەوێین، بۆ گۆڕینی دڵ و سیەكانی كچەكەمان، مەگەر خودا خۆی بزانێت، تا گەشتوین، دووچاری چی ناڕەحەتی بووین، بەتایبەت لە نێو تەیارەو سەیارە دۆخی هێندە تێكدەچوو، دەڕۆیشتە كەناری مەرگ.

سێ ساڵ لەمەوبەر كاتێك كچەكەمان هێناوە هندستان،
بەڵێنمان پێدرا، لەماوەی ٩ مانگدا، چاندنی دڵ و سیەكانی تەواو بن،
بەڵام سێ ساڵ تێپەڕی، هێشتا بۆی نەكراوەو بە خێزانێكی ٦ كەسیەوە، بەدیاریەوەین، بەتایبەت، كۆڤید١٩ هۆكارە تا ئیشەكان بە سستی بڕوات،
ئێمەش لە هەموو ڕوویەكەوە داڕووخاوین، ماندوو بێ كەس لە غەریبی، داهاتوی كچەكەشمان نادیار، بۆیە گەر نەیەن بەهانامانەوەو عیلاجێكمان بۆ نەدۆزنەوە،
نەك تەنها كچەكەمان، بەڵكو ئایندەی خێزانە شەش كەسیەكەشمان لەم غەریبیەلە ژێر مەترسیدایە.