سەردێر

سەفین دزەیی لەبارەی پولەكەوە: بەڕاستی ڕووداوێكی گەورە ڕووینەداوە

خەڵك

لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەولێر و پوولی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەرە و نیگەرانییەكانی تاران و ئەنقەرە روونكردنەوەی دا.


سەفین دزەیی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا دوا و جەختی لەوەكردەوە، ئەوە پڕۆژەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان نییە. وتی، لە نەریتی ھەموو جیھاندایە بۆ یادكردنەوەی بۆنەیەكی تایبەت یان لە سەردانێكی گرنگدا پوولی یادگاری چاپ دەكرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەند گرافیستێك، دیزاینی تایبەتیان بۆ دروستكردنی پوولی یادگاری بە بۆنەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەولێر وەك دیاریی پێشكەشی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كرد بەمەبەستی چاپكردنیان. ھەروەھا چاپكردنی پوول چەند ڕێكار و یاسای تایبەت بەخۆی ھەیە و پێویستی بە بڕیاری حكومەت ھەیە. وەزیریش بڕیاری چاپكردنی ھیچ كام لەو دیزاینانەی نەداوە.

ڕۆژی 07-03-2021 لەكاتی سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، شەش پوولی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبەردەم پاپا فرانسیس نمایشكران، یەكێك لە پوولەكان وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەر بوو.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش ڕەخنەیان لە دیزاینی پوولەكان گرتبوو بەوەی تەنیا بە زمانی كوردی دیزاینكراون و زمانی عەرەبی شوێنی بۆ نەكراوەتەوە و ڕایگەیاند، بێگومان زمانی عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمیین لە عیراقدا و پێویست بەوە دەكات ھەردوو زمان لە پوولەكاندا شوێنیان بكرێتەوە. حكومەت بڕیاری لەبارەی پوولەكان نەداوە و دیزاینكردنیشیان لەلایەن حكومەتەوە نەكراوە.

لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تیشكی خستەسەر ھەستیاریی وڵاتانی ناوچەكە و ڕایگەیاند، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەرپرسیارە لە ھەرێمی كوردستانی عیراق. بەگوێرەی دەستووری عیراق، دەسەڵاتی لە سنوورێكی دیاریكراودا هەیە؛ پەرلەمان و حكومەتیشی ھەیە. لە دەرەوەی سنوورەكانیشی وڵاتی دراوسێی ھەیە، بۆیە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕێزی زۆر لە سەروەریی ئێران و توركیا و سوریا دەگرێت. بەھەمان شێوە چاوەڕێی رێزگرتنی ئەو وڵاتە دراوسێیانەش دەكەین بۆ سەروەریی عێراق و ھەرێمی كوردستانیش.

سەفین دزەیی لەبارەی ڕەخنە و كاردانەوەكان لە بەرامبەر دیزاینی پوولەكە ڕایگەیاند، “پێموایە ئەم بابەتە پەیوەندیی بە سیاسەتی نێوخۆی توركیا ھەیە. ھێزەكانی ئۆپۆزيسیۆن گوشار دەخەنە سەر دەسەڵات. لەوانەیە وەك كارتێكی گوشار لە سیاسەتی نێوخۆییاندا بەكاری بھێنن. ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، چونكە بابەتی سیاسەتی نێوخۆی توركیایە، بەڵام پێشتر چەند ڕووداوێك ڕوویاندا، لە ڕێگەی گفتوگۆكردن و دیالۆگەوە چارەسەركران”.

سەفین دزەیی باسی لەوەشكرد كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا و ئێران لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووری و تەنانەت مێژووییشەوە زۆر باشن و بابەتی پوولەكە بەداناییەوە چارەسەر دەكرێت و ڕایگەیاند، دووپاتی دەكەمەوە ئەمە تەنیا ڕەشنووسی دیزاینە و حكومەت خۆی ئەم دیزاینەی دروستنەكردووە، تەنیا چەند گرافیستێك و ھونەرمەندێك وەك دیاریی پێشكەشیان كردووە.

لەبارەی نەخشەی كوردستانی گەورە، سەفین دزەیی باسی لەوەكرد، بابەتی نەخشەكە چەندین ساڵ لەمەوبەر چەندجارێك خراوەتەڕوو و بابەتەكەش چارەسەركراوە. حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش سیاسەتەكانی روون و ئاشكران و رایگەیاند، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئارامی ناوچەكە كاری لەپێشینەمانە. ھەروەھا كاری لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بریتییە لە دروستكردنی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشدا، كاتێك بابەتێكی وەھا دروستدەبێت بەلێكگەیشتن چارەسەری دەكەین، ھاوڕێیانمان لە ئەنقەرە و بەرپرسان لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەوانیش بەھەمان ویستەوە دەیانەوێت بابەتەكە چارەسەر بكرێت. ئێمەش دەمانەوێ ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت. لە ڕاستیدا ڕووداوێكی گەورە ڕووینەداوە.

سەفین دزەیی لە درێژەی لێدوانەكانیدا رایگەیاند، لە توركیاش چەند رووداوێك روودەدەن و لەبارەی ئێرەوە بەردەوام شت دەگوترێت بەتایبەت لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەكان و ئۆپۆزسیۆنیش، بەڵام ئەمە ھەڵوێستی فەرمیی توركیا نییە، بۆیە ئێمەش ھێندە گوشارناكەین. تەنانەت سەرۆكی پارتێكی توركیا ساڵی ڕابردوو وتبووی، كەركوك 82مین و موسڵ 83مین شاری توركیا دەبێت، ئێمەش ھیچ شتێكمان لەوبارەیەوە نەوت. ڕۆژانە شتی لەم جۆرە باس دەكرێت، بەڵام ناكرێت ھەموو ڕۆژ وەڵام بدەیتەوە و ھەڵوێست دەربڕیت. گرنگ ئەوەیە ھەڵوێستی فەرمی چییە و چۆنە، ئێمە لەسەر ئەمە كار دەكەین و سیاسەت دەكەین. سیاسەتی ئێمە ڕوونە و زۆر شت لەبارەی ھەڵوێستی فەرمیی و سیاسەتی ئەنقەرە دەزانین. پەیوەندییەكانمان باشن و لایەنگری ئەوەین بەمشێوەیەش بەردەوام بێت.

جێی ئاماژەیە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕۆژی چوارشەممە 10/3/2021 ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی ئەو پوولە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: “لە نێو ئەو پوولانەدا كە بەبۆنەی سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عیراق لەلایەن ئیدارەی هەرێمیی كوردی باكووری عیراق وەكو یادەوەری چاپكراون، پوولێك بینراوە كە وێنەی نەخشەیەكی تێدایە و چەند پارێزگایەكی وڵاتەكەمانیشی لەخۆگرتووە”.

دوای توركیا، ئێرانیش ناڕەزایەتیی لە نمایشكردنی پوولەكە دەربڕی. سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕوون و ئاشكرایە ئەوەی كە بڵاوبووەتەوە پێچەوانەی بنەما و رێكارە نێودەوڵەتییەكانە.