سەردێر

داوا لە شێخی ئەزهەر دەكرێت سەردانی عیراق بكات

خەڵك-
لە دوای سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان، دیوانی وەقفی سونی ڕایدەگەیەنێت، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، داواتنامەیان بۆ ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر ناردووە، تا سەردانی عیراق بكات.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەقفی سونییەوە بڵاوكرایەوە”سەعد كمبش سەرۆكی دیوان دوو نامەی دەستنوسی لەلایەن كازمی و حەلبوسییەوە گەیاندۆتە شێخ ئەحمەد تەیب، تا سەردانی عیراق بكات كە لانكەی پێغەمبەران و خاكی شارستانییەكان و پەیامە ئاسمانییەكان و جێنیشتەجێی هاوەڵان و ئالی بەیتی پێغەمبەرە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”شێخی ئەزهەر خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بۆ هەستی ڕاستگۆیانەی بەرپرسانی عیراق بەرانبەر بە ئەزهەری شەریف و ڕایگەیاندووە كە ئەو هەردەم سۆز و خۆشەویستی بەردەوامی بۆ عیراق و گەلەكەی هەیە”.