سەردێر

سلێمانی، هاووڵاتیان لە (با)یەكی بەهێز ئاگاداردەكرێنەوە

خەڵك-
بەهۆی زیادبوونی خێرایی با لە سنوری پارێزگای سلێمانی و چەند ناوچەیەكی تر، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕێنمایی دەداتە هاووڵاتیان لەكاتی هەڵكردنی ڕەشەبای توند.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سلێمانیەوە بڵاوكرایەوە، پێویستە لەكاتی هەڵكردنی زریان و ڕەشەبای توند ئەم ڕێنماییانە جێبەجێبكرێن:

١ – دووركەوتنەوە لە هەر كێبڵێكی شۆڕ بووەوە لە ئەگەری پچڕاندن و مەترسی بوونی تەزووی كارەبا تیایدا.

٢- دووركەوتنەوە لە بینا و باڵەخانە تەواونەكراوەكان لە ئەگەری كەوتنەخوارەوەی كەلوپەلی بیناسازی و بەربوونی ئەسكەلە بەستراوەكان.

٤ – ئاگاداربوون لە كاتی شوفێریكردن بە تایبەتی لەو كاتانەدا كە زریان و گێژەڵووكە تەپوتۆز و خۆڵبارینی لەگەڵدایە و مەودای بینن كەم دەبێتەوە، و زۆر پێویستە ئاگاداری هێماكانی هاتووچۆ بین.

٥_ داخستنی دەرگا و پەنجەرەكانی ناو ماڵ بۆ ڕێگریكردن لە تەوژمی هەوایی بەردەوام لە ناو ماڵدا، كە دەبێتە هۆی ڕووداوی چاوەڕوان نەكراو و كەوتنەخوارەوەی كەلوپەلی ناوماڵ.

٦_ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و پێدانی زانیاری بە مناڵان دەربارەی زریان و گەردەلوول تاوەكو لە كاتی دروستبوونیدا نەبێتە هۆی ترسان و دڵەڕاوكێیان چونكە زریان و گەردەلوول دەنگێكی ترسێنەری هەیە.

٧_ئاگاداربوون لە كاتی پەڕینەوە لە شەقامەكان بە تایبەتی لە كاتەكانی شەودا چونكە زریان و گێژەڵووكە زۆر جار بەهۆی خۆڵ و تۆزە وە مەودای بینین كەم دەكەنەوە بە تایبەتی بۆ شۆفێران.

٨_ لابردنی هەموو ئەو كەلوپەلانەی كە ترسی با بردن و جوڵاندنیان هەیە لە لەسەر سەربانی ماڵ و باڵەخانەكان بۆ ڕێگریكردن لە ڕووداوی نەخوازراو لە ئەنجامی كەوتنیان.

٩_دووركەوتنەوە و نەوەستان لە ژێر ڕیكلامە هەڵواسراوەكان لە شوێنە گشتییەكان، بە تایبەتی ئەوانەی كە قەبارەیان گەورەیە.

١٠_ جێگیركردنی چەتر و چەرداخ و كۆشكی شوێنە گشتییەكان بە شێوەیەكی گونجا و تووندو تۆڵ، بە تایبەتی ئەو جۆرانەی كە قاچی ئاسنینیان هەیە.

١١_ ئاگاداركردنەوەی ئەو باڵەخانانەی كە بە ماددەی (كۆبوند) ڕووپۆشكراوە لە ئەگەری بابردن و هەڵدانی پارچەكانی لە كاتی زریان و گەردەلوولدا.

١٢ – ئاگاداربوونی تەواوی تاوەر و هێڵەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە ئەگەری جووڵان و كەوتنە خوارەوەیان بە تایبەت ئەوانەی كە لە سەر یەكەكانی نیشتەجێبوون جێگیركراون.

١٣ – دەستبەجێ خێرا پەیوەندی كردنی بە بەشی كۆنترۆڵی بەرگری شارستانی سلێمانی ژمارە (115) كە بە بێ بەرامبەرە لە هەر جۆرە هێڵێكی پەیوەندیكردنەوە، لە كاتی ڕوودانی هەر رووداوێكی نەخوازراودا، تا لە زووترین كاتدا تیمەكانمان بچن بەهانایەوە.