سەردێر

خەڵك، دوایین زانیاریی لەبارەی ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا ئاشكرا دەكات

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا، هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ڕێكەوتوون و كێشەیەكیان نییە، ئاماژە بە سەردانەكەی ئەم دواییەی شاندەكەی هەرێمیش دەكات كە بە وتەی ئەو”تەواوی ئامادەیی خۆی بۆ ڕێكەوتن دەربڕیوە”.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند”هیچ كێشەیەك لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ نییە سەبارەت بەو ماددەی لە بودجەدا تایبەت كراوە بە پشكی هەرێمی كوردستان، ئەوەی هەیە هەندێك لە فراكسیۆنە شیعەكانن كە بەو ماددەیە ڕازیی نیین كە دەبوو لەبەرانبەردا ڕەئێكیان هەبێت، بەڵام تائێستا لەو بارەیەوە ڕەئی خۆیان دەرنەبڕیوە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت:”ئەوان چاوەڕوانی لایەنە شیعەكان دەكەن، تا ڕەئی خۆیان بدەن و پاشان گفتووگۆی لەسەر بكرێت”.

شیروان میرزا باسی لە هەڵوێستی هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و فراكسیۆنی هیواكرد لە پەرلەمان كە پێیانوایە”دەبێت لایەنە شیعەكان ڕەئی خۆیان بدەن بڵێین ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە بێت، لەو حاڵەتەدا گەر بۆچوونەكەیان پێچەوانەی دەستور نەبوو و شیاوی جێبەجێكردن بێت و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵك نەبێت، ئەوان پێی ڕازیین و دەنگی پێدەدەن”.

لە درێژەی قسەكانیدا، شیروان میرزا وتی:”شیعەكان لەنێو خۆیاندا لەو بارەیەوە بونەتە دوو بەش و هەڵوێستێكی یەكگرتوویان نییە، هەندێكییان بە دەقەكەی حكومەت ڕازیین كە ئێمەش پێی ڕازیین، بەشێكی ترییان دەڵێن، 460 و بەشێكی تر دەڵێن 430 ، بەڵام بە فەرمی پێشنیارێكییان نەهێناوە و بڵێن ئەمە كۆدەنگی لایەنە شیعەكانە و ئێوە ڕەئی خۆتانی لەسەر بدەن”.