سەردێر

لیژنەی دارایی: بڕگەیەك لە بودجەدا نییە نرخی دۆلار دیاری بكات

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە بڕگەیەك هەبێت لە پرۆژە یاسای بودجەدا كە نرخی خەرجی دۆلاری دیاریی كردبێت، ئاماژە بە جموجۆڵەكانی نێو پەرلەمانیش دەكات بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:” بڕگەیەك نییە لە پرۆژە یاسای بودجەدا كە نرخی خەرجی دۆلاری دیاریی كردبێت، ئەوەی هەیە باسكردنی دۆلار لە بودجەدا تەنیا بۆ داهاتەكانە، واتا حكومەت دەڵێت ئەوەندە نەوت بەوەندە دۆلار دەفرۆشم و پاشان دۆلارەكە دەگۆڕمەوە بە دینار و داهاتەكەم ئەوەندەیە، پرس بە پەرلەمان ناكات كە بڵێین من دۆلار بەوەنە بفرۆشم یان نا”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی”هەڵە تێگەیشتن هەیە لەبارەی بودجەوە، لە پرۆژە یاسای بودجەدا بڕگەیەك نییە كە ڕەئی پەرلەمانی لەبەر وەربگیرێت، تا نرخی خەرجی دۆلار دیاریی بكات یان جێگیریی بكات”.

شیروان میرزا دەڵێت”حكومەت بۆ پەرلەمانی ڕوندەكاتەوە كە لە ساڵێكدا ئەوەندە بەرمیل نەوت بەوەندە دۆلارە دەفرۆشێت و پاشان لە بانكی ناوەندی دۆلارەكە دەكاتەوە بە دینار، لە كۆتاییشدا ئەوەندە دینارەی دەستدەكەوێت”.