سەردێر

ئەوقافی هەولێر: مزگەوتەكان دادەخرێن

خەڵك-
ئەوقافی دەوروبەری هەولێر هۆشداریی دەدات لە داخستنی دەرگای مزگەوتەكان و دەڵێت،”ئەگەر نوێژخوێنان بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبن، داخستنی مزگەوتەكان ئەگەرێكی كراوەیە”.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دەورووبەری هەولێر بڵاوكرایەوە”ڕێژەی توشبوون بەكۆرۆنا زیادی كردووە، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێكاری نوێی گرتۆتەبەر، كە دیارترینیان داخستنی دوبارەی قوتابخانەكانە، لەھەموو كۆبوونەوەكانی تایبەت بەكۆرۆناش ڕەخنە ڕوبەڕووی ئەوقاف و مامۆستایان و مزگەوتەكان دەكرێتەوە، سەبارەت بە پابەندنەبوونی نوێژخوێنان بە بەستنی ماسك و دووركەوتنەوە لەیەكتر و، كەمی ئامۆژگاری مامۆستایانی ئاینی و وتارخوێنەكان لەبارەی جێبەجێكردنی خۆپارێزیەكان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتوو”لەمەودوا هاوكات لەگەڵ تەوەری ھەفتە، هەموو هەینییەك پێش چوونە ناو بابەتی وتار، تەنها دوو دەقیقە زۆر بە گرنگیەوە باسی جێبەجێكردنی رێنمایەكان و دووری نێوان نوێژخوێنان و بەستنی ماسك بكەن، بەتایبەتی بەستنی دەمامك لەھەرە گرنگترین رێكارەكانی خۆپارێزیە”.

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاقی دەوروبەری هەولێر دەڵێت”گەیاندنی ئەم پەیامە بۆ خۆپارێزیە و دەبێتە ھۆی بەردەوامی كرانەوەی دەرگای مزگەوتەكانمان، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بێت ئەوا داخستنەوەی مزگەوتەكان ئەگەرێكی كراوەیە”.