سەردێر

پۆلیسی ڕاپەڕین: ئەو كەسەی تەقەی لە ژنەكەی كرد دەستگیركرا

خەڵك-
پۆلیسی ڕاپەڕین دەستگیركردنی ئەو كەسە ڕادەگەیەنێت كە بە چەكی دەمانچە تەقەی لە ژنەكەی كرد و پاشان ڕووبەڕووی پۆلیس بۆوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕینەوە بڵاوكرایەوە”ئێوارەی دوێنێ ژنێك بەبرینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە كە شوێنەواری فیشەك بەجەستەیەوە هەیە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشكیدا بۆ چارەسەر لە نەخۆشخانە ماوەتەوە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”ژنەكە بەناوی (س،س،م) تەمەن 35 ساڵ پیشەی ژنی ماڵە و دانیشتوی ڕانیەیە، بە وتەی خۆی لەلایەن هاوسەرەكەی لە بازاڕی شارەوانی لە ناحیەی چوارقوڕنە بە دەمانچە تەقەی لێكراوە و بەوهۆیەوە بریندار بووە و ڕووداوەكەش بەهۆی كێشەیەكی نێوان خۆیان ڕویداوە”.

پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت”مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە، لەدوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەریش بۆ دەستگیر كردنی تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی 413 لە یاسای سزادانی عیراقی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانمان كەسەكە بە چەكی دەمانچە تەقەی لە هێزەكانمان كرد، دواتر توانرا لەلایەن هێزەكانمان دەستگیر بكرێت”.

“تۆمەتبارەكە كە دەكاتە هاوسەری ژنەكە بەناوی (ا،م،س) تەمەن 30 ساڵ پیشەی كاسب بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە. لێكۆڵینەوە دەستی پێكردووە و بەردەوامە”، ئەمەش لە ڕاگەیەندراوەكەی پۆلیسی ڕاپەڕیندا ئاماژەی پێكراوە.