سەردێر

ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستان تووڕەن

خەڵك-

نەخشەی كوردستانی گەورە لەسەر وێنەی پاپا فرانسیس كە لە چوارچێوەی پۆلێكدا پێشكەشی پاپا كرا تاران و ئەنقەرەی وروژاند.

لە چوارچێوەی نەخشەكەدا ناوچە كوردییەكانی ئێران و توركیا و سوریای تێدایە، بووەهۆی ناڕەزایەتی ئەو وڵاتانە لە هەرێم.

سەعید خەتیب وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: ئەو نەخشە پێشێلكردنی بنەماكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

ناوبراو داوای كشانەوەی سەرجەم ئەو وێنە چاپكراوانەی نەخشەكەی كرد لە هەرێمی كوردستان بڵاوكراونەتەوە، چونكە بەشێك لە خاكی ئێرانی تێدا دانراوە.

راشیگەیاند ناڕەزایەتی خۆمان گەیاندووەتە حكومەتی عێراق داوای كشانەوەی چاپكراوەكانی ئەو نەخشەیەمان كردووە بە خێرایی و راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەنراوێكدا رونیكردەوە ئەو نەخشەیەی پێشكەشی پاپا كراوە بەشێكی شارەكانی توركیا تێدا دانراوە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: سەركردەكانی هەرێمی كوردستان خەریكن سنوور دەبەزێنن، سەردانی پاپایان بۆ خەونەكانی خۆیان قۆستووەتەوە بەرامبەر خاكی وڵاتانی دراوسێی عێراق.

داواشی لە هەرێمی كوردستان كردووە بە خێرایی و بەڕوونی بەیاننامە دەربكات و رونكردنەوە بدات.