سەردێر

ئاڵۆزی لە شەنگال دروستبوو

خەڵك-

گرژی و ئاڵۆزی لەشەنگال لەنێوان هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە سنوورەكە سەری هەڵدا.

بەپێی زانیارییەكان خەڵكێكی زۆری سنوری شەنگال لەسەر داوای رێكخراوەكانی سەر بە پەكەكە بۆ پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدیخانی سەر بە پەكەكە بۆ رێگری لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی بەغدا و هەرێمی كوردستان لەسەر شەنگال خۆپیشاندانێكی بەرفراوانیان سازكرد.

هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەوڵیاندا رێگری لە خۆپیشاندانەكە بكەن، بەڵام دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی رێگەیان بۆ خۆپیشاندەران كردەوە، بەشێكی زۆری هاووڵاتیانیش لە ناوچەكانی دەوروبەرەوە گەیشتنە نێوەندی شارۆچكەكە.

خۆپیشاندەران داوای مانەوەی هێزی ئاسایش و چەكدارەكانی سەر بە پەكەكە دەكەن لە شەنگال و دژی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگالن لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا.

بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ساڵی رابردوودا كراوە، دەبێت هێزە چەكدارەكانی سەر بەپەكەكە شەنگال چۆڵبكەن.

توركیاش فشاری لە هەرێمی كوردستان و بەغدا كردووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، لە حاڵی پێچەوانەدا ئەنقەرە خۆیی هێرش دەكاتە سەر شەنگال.

لەگەڵ هەڕەشەی هاتنەناوەوەی شەنگال لە مانگی كانوونی دووهەمی رابردوودا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاوە، هاوكات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی گارەدا هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی هاتنەشەنگال بۆ رێگری لە هێرشی سوپای توركیا.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوە كرد حەشدی شەعبی لەسەر داوای ئێران لە شەنگال جێگیربوون، چونكە ئێران دژی كشانەوەی پەكەكە و گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ شەنگالە.

لە ئەم ماوەی رابردوودا باڵیۆزەكانی ئێران و توركیا لە بەغدا لەسەر دۆسێی شەنگال لێدوانی دژ بە یەكیاندا، بەهۆیەوە گرژی كەوتە نێوان ئەنقەرە و تاران.

بەپێی هەندێك سەرچاوەی رۆژنامەوانی، سوپای عێراق ماوەی 24 سەعاتی داناوە بۆ كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی پەكەكە لە شەنگال، بەڵام پەكەكە كشانەوە رەت دەكاتەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەرفراوانە سازكراوە