سەردێر

پولەكەی هەرێم ئاگری لەنێوخۆی توركیا كردووەتەوە

ئۆپۆزسیۆن رەخنەی توند لە ئەردۆغان دەگرن

خەڵك

دوای هاتنی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و پێدانی پولێك لەلایەن وەزارەتی گواستەوەو گەیاندنەوە كە وێنەی پاپا و نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەرە توركیاو ئێرانی توڕەكرد، چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت، ئەو كاردانەوانە زۆر نا دیپلۆماسین و دەستێوەردانن.

هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسی بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، ئەو كاردانەوانەی توركیا و ئێران، زۆر نا لۆژیكییە و ئەو زمانەی هەڕەشەی پێكرا لە هەرێمی كوردستان زۆر نا دیپلۆماسییەو دەستوەردانیشە، چونكە لە مێژوودا دەیان بەڵگەنامە هەن كە باس لەوە دەكەن ئەوەی لە باكور توركیا بە خاكی خۆی دەزانێت، مافی كوردەو بەدەر لە ئیرادەی كورد لەلایەن توركیاوە داگیر و دابەش كراوە.

دەشڵێت، بۆچی بۆ دەوڵەتی توركیا ئاسایی بێت نەخشەیەك بڵاودەكاتەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێككەوتننامەی لۆزان كە سەرجەم خاكی هەرێمی كوردستان بە تەواوی باشوور و ئەوەی كە جاران پێی دەوترا ویلایەتی موسڵ دەخرێتە سەر ئەو نەخشەیە و ئەردۆگان هەر ئەمساڵ سێ‌ جار هەڕەشەی كردووە، دەڵێ‌ت باشوری عێراق دەخەینەوەسەر نەخشە گەورەكەی توركیا، ئەی بۆچی بۆ ئێمە ئاسایی نییە نەخشەیەك كە سمبوڵی هەرێمی كوردستانە، بڵاوبكەینەوە.

وتیشی، بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان وەك پێویست بە ئەركی خۆی هەڵناسێت و نەك هەڵوێستیان نییە، بەڵكو رێگە خۆشكەرن بۆ ئەوەی توركیا دەستوردان بكات بە بوونی 36 بارەگای دەوڵەتی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان.

“چەندین راستی مێژوویی دەیسەلمێنێت ئەو شوێنانە موڵكی كوردن”

ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ئەو دەسەڵاتە كوردییە نەكات، بەڵكو خۆی هەڵوێستی هەبێت و كاردانەوەی هەبێت و بە هەموو ئەو دەوڵەتە داگیركەرانە بڵێت كە چەندین ڕاستی مێژوویی دەیسەلمێنێت ئەو شوێنانە موڵكی هەرێمی كوردستانن.

وتیشی: ئێرانیش بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكات، بەهۆی ئەو سیاسەتەی هەیەتی نایەوێ‌ دان بە ڕاستی مێژوویدا بنێت، چونكە ئەو خاكەی ئەوان پێی هەستیارن لە چاڵدێرانەوە لە ساڵی 1514 و لە سایكس بیكۆ چوار پارچەی كوردستان بەبێ‌ ویستی كورد بەسەر ئەو وڵاتانە دابەشكراوەو دەبێت پێیان بڵێین ئێوە چەند هەستیار بن ئێمە هەر داكۆكی لەو ڕاستییە دەكەین.

دەشڵێـ: هاتنی پاپا لە دوور مەودا هەندێك ڕاستی دەردەخات كە پاپا تەنها سمبولێكی ئاینی نەبووە، بەڵكو هەندێك گۆڕانكاری سیاسی ڕوو لە ناوچەكە دەكەن، جگە لەوەی بۆ نزیك كردنەوەی پێكهاتەو ئاینەكانی عێراقە، پرسێكی سیاسی گەورەشە، بەڵام بەداخەوە ناوماڵی كورد ناتوانێت ئەم ڕوووداوانە وەك دەستكەوتی سیاسی بقۆزێتەوە.

هاتنی پاپا جگە لەوەی بووە خاڵی ناكۆكی نێوخۆیی كاردانەوەی توندی دراوسێكانیشی بەدواداهات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەڕمی نیگەرانی و توڕەیی خۆی لەبەرامبەر ئەو پولەدا راگەیاندووە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیاش لە راگەیەنراوێكدا داوای رونكردنەوەی لە هەرێمی كوردستان و راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە كردووە.

لای خۆیەوە عومەر چەلیك وتەبێژی پارتی دادوگەشەپێدان فەرمانڕەوای توركیا ئەو پولەی بە هەنگاوێك بۆ دژایەتیكردنی توركیا زانیوە.

لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا رەخنەیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا گرتووە بەهۆی ئەوەی دۆستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستانە و لە هەرێمی كوردستانەوە ئەو نەخشەیە دروستكراوە.

هاوكات ئەندامێكی پەرلەمانی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە كە لەسەر كورد هەژمار دەكرێت لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێكدا لەسەر پولەكە وتویەتی بچن لە بارزانی بپرسن، ئەو گوتەیەش كاردانەوەی لە باكوری كوردستان لێكەوتووەتەوە، رەخنە لە نوێنەرەكەی هەپەدە گیراوە كە بۆچی بەرگری لە نەخشەكە نەكردووە لە كاتێكدا ئەوان لەسەر كورد حسابن بە دەنگی كورد چونە پەرلەمان.