سەردێر

بودجە بەبێ‌ كورد تێدەپەڕێت

 

خەڵك
بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو لە پەڕلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بكرێت و ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت ئەگەر كورد لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن نەكات بودجە تێدەپەڕێت.

موسەننا ئەمین، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەگەر لەم چەند ڕۆژە كورد ڕێككەوتنێك نەكات لەگەڵ عێراق بەدڵنیاییەوە بودجە بەبێ‌ كورد تێدەپەڕێت و ئەوە بودجەی دەوڵەتێكەو هەزاران بابەت لە وڵات پەیوەندی بەو یاسایەوە هەیە.

وتیشی، تاكە ڕێگەچارەی كورد ئەوەیە كێشەی خۆی لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات و دەرچەیەك بدۆزێتەوە بۆ ڕێككەوتن، بەڵام وەك
پێشتریش وتومە ئەو ڕێككەوتنە بە ئەستەم دەزانم ئەگەر ڕێكیشبكەون تەنها ڕواڵەتەو رێككەوتنە لەسەر ڕێكنەكەوتن و بەردەوامبوونی ئەم رەوشەی ئێستا كە هەرێم نەوت نەنێرێت و بەغداش پارە نەنێرێت، بۆیە ڕێككەوتنێك ناكەن كە لە بەرژەوەندی خەڵك بێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت “زۆربەی وڵاتانی دنیا نەوتیان نییەو كانزایەكی سروشتی سەرەكیان نییە پشتی پێ ببەستن بۆ بودجە بەڵام ژیانیشیان دەڕوات و وڵاتیان ئاوەدانە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر عەقڵێكی باش و ویژدانێكی باش و ڕەوشتێكی بەرز هەبێت لە سەركردەكانماندا، حكومڕانی كوردستان ئاسانە و ئەگەر نەوتیش نەبێت دەتوانێ‌ بە داهاتی ناوخۆی خۆی لانی كەم ژیانی خەڵك دابین بكات و وڵاتیش ببات بەڕێوە، بەڵام بەداخەوە نەك بەبێ‌ نەوت ناتوانن، بە نەوتیشەوە ناتوانن خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بكرێت.

وتیشی، لەعێراق ڕێز لە یاسای كاتیش ناگیرێت و هیچ شتێك دڵنیایی تێدا نییە، بۆیە ناتوانین بڵێین ڕۆژی دووشەممە بە دڵنیایی بودجە پەسەند دەكرێت، دەبوو لە ڕێكەوتی 1-1 ی ئەمساڵ بودجە لە پەڕلەمان پەسەند بكرایەو دەنگی لەسەر بدرایە.