سەردێر

“بەشی زۆری ئێستای توشبووانی كۆرۆنا لە جۆرە گۆڕاوەكەیە”

خەڵك
بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا بەراورد بە پێشتر زۆر زیادی كردووەو بەشی زۆری ئێستای توشبووان لە جۆرە گۆڕاوەكەیە.

ڕەهێڵ فەرەیدوون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، پێمان وایە بەشی زۆری ئێستای توشبووان لەجۆرە گۆڕاوەكەیە، وەئەگەر كۆنەكەش بێت و شەپۆلێكی دیكە بێت ئێمە پێشبینیمان دەكرد كەئەمە وردە وردە زیاد بكات بەتایبەتی لەمانگی سێ و زیاتر لەناوەڕاستی سێ بەدواوە بەتەواوەتی زیادبوونەكە بەرچاودەبێت .

وتیشی، لەگەڵ ئەوەی حاڵەتەكە مەترسیدارە بەڵام خاڵێكی دڵخۆشكەر ئەمجارە هەیە و هێشتا نەگەیشتوینەتە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەڵام دەبێت ڕاگرتنی هاتوچۆ لەگەڵ شارەكانی تری عێراق بەردەوام بێت.
ڕەهێڵ فەرەیدوون وتی، وەك بۆچوونی خۆم دۆخەكە بەمجۆرە بێت دەتوانرێت ئاهەنگەكانی نەورزۆ بكرێت ئەگەر ڕێژەكە زیاد نەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بۆ دوو هێندەو سێ‌ هێندە لە پێشتر زۆرترە بەتایبەتی ئەگەر بەراوردی بكرێت بەدوو هەفتەی ڕابردوو بۆ دواترەوە كەژمارەكان لە 100 كەس كەمتربوون بەڵام ئەوە ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەكان 300 ی تێپەڕاند.