سەردێر

“ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و خوار مۆدێلەكان ژمارەیان پێ‌ دەدرێت”

خەڵك-ئارام سەردار
ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و خوار مۆدێلەكان شەرعیەت دەدات بە كاری قاچاخی.

ئاشنا عەبدوڵا، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان و خوار مۆدێل لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چەندین جار باسمان لە هێنانی ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا و خوار مۆدێل كردووە، كە لەخاڵە سنوریەكان هێنراون و لەشارەكان بڵاوبوونەتەوە، هەندێكیش لەگەراج ڕاگیراون تاوەكو ژمارە دەكرێن.

ئەو پەڕلەەمانتارە وتیشی، “ئەو ئۆتۆمبێلانە لەداهاتوودا ژمارە دەكرێن، چونكە فشارێكی زۆر هەیە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیران گوایە لەبەرژەوەندی خەڵكی هەژارە، بەڵام وانیە بە پێچەوانەوەیە”.

دەشڵێت: “لەهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار قازنج كراوە بۆ چەند بەرپرسێك بەژمارە كردنیان دەیان ملیۆن دۆلاری تر قازانج دەكەن، بڕیارەكەش پێچەوانەی بڕیاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆیە لەسەر پێنەدانی ژمارە”.

جەختیشی كردەوە، پێدانی ژمارەش شەرعیەت دەدات بە كاری قاچاغی و زیانی گەورەش بە هێنانی ئۆتۆمبێل بەشێوەی یاسایی دەگەیەنێت.