سەردێر

ڕەشەبا و خۆڵبارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-

بەهۆی زیادبوونی خێرایی باوە لە چەند ناوچەیەكی هەرێم خۆڵبارین ڕوودەدات و هاوكات باران بارینی بەخوڕ و تەرزە هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ پێنج شەممە لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ تا ئێوارە خێرایی با لە ئاڕاستەی باشور و باشوری ڕۆژئاواوە چالاک ئەبێت لە سەرجەم ناوچەکاندا بەخێرایی ١٥ – ٣٠ کم/ كاتژمێر.

وتیشی، “ھۆشداری ئەدەین لەناوچەکانی گەرمیان و سنوری پارێزگای سلێمانی خێرایی با دەگاتە ئەو پەڕی چالاکبوون لە ھەندێک کات ٥٠ بۆ ٦٠ کیلۆمەتر و زیاتر لە کاتژمێرێکدا و ئەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ”.

ڕاشیگەیاند، لە کاتەکانی شەوی پێنج شەممە لەسەر ھەینی شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە و لەڕۆژی ھەینیدا کاریگەریەکانی چالاک ئەبێت لەسەر تەواوی ناوچەکە بەشێوەی ناوبەناو بارانبارینی بەخوڕ و ھەورە تریشقە و ھەندێک ناوچەش تەرزەی لەگەڵ ئەبێت لەگەڵ ئەوەشدا خێرایی با ناوبەناو چالاک ئەبێتەوە لەکاتی بارانبارین.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەفر لەناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا ئەبارێت و پلەکانی گەرما لە ڕۆژی ھەینیدا لە ئەنجامی ئەو بارستە ھەوا ساردەی ناوچەکە دەگرێتەوە بەڕێژەی ٤ بۆ ٨ پلەی سیلیزی ڕوو لەنزمبوونەوە دەکات.

بەپێی پێشبینی ئەو شارەزایەی كەشناسی، “لەکاتەکانی شەوی ھەینی لەسەر شەممە کۆتایی بەم شەپۆلە دێت لەسەرجەم ناوچەکاندا”.