سەردێر

پڕۆسەی خوێندن بۆ دوو هەفتە بۆ بەشێكی خوێندكاران ڕاگیرا

خەڵك-
لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاریدا بە ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن بۆ ماوەی دوو هەفتە بۆ پۆلەكانی 1ی بنەڕەتی تاوەكو 11ی ئامادەیی.

كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆتایی هات و بڕیار درا تاوەكو 25-3-2021 پڕۆسەی خوێندن ڕابگیرێت.

لای خۆشیەوە، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی لە كۆبوونەوەی لیژنەی بالای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئەوە ئاشكرابوو، كە ژمارەی تووشبووان زیادی كردووە.

ڕاشیگەیاند، بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگاكان دەوام بەردەوام دەبێت.

ئاشكراشی كرد، بۆ پۆلەكانی 1ی بنەڕەتی بۆ 11ی ئامادەیی ئەگەر تاقیكردنەوەیان لە 20 نمرە كردبێت ئەوا پشوو وەردەگرن تاوەكو دوای نەورۆز (24-3-2021) و ئەوانەشی تاقیكردنەوەیان بەردەوامە تەنها بۆ تاقیكردنەوە دەچنەوە پۆلەكان.