سەردێر

خەڵك، قازانجی حكومەت لە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلاردا ئاشكرا دەكات

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ئەو بڕە پارەیە ئاشكرا دەكات كە تائێستا حكومەتی عیراق لەئەنجامی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەستیكەوتووە و دەڵێت، گۆڕینی نرخی دراوەكە و كەمكردنەوەی نرخەكەی، لە دەسەڵاتی پەرلەمان و فراكسیۆنە سیاسییەكاندا نییە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”لە دەسەڵاتی پەرلەمان و فراكسیۆنە سیاسییەكاندا نییە دەستكاریی نرخی خەرجی دۆلار بكەن، ئەوە لە چوارچێوەی ئەركی بانكی ناوەندییە كە بە ڕاوێژ لەگەڵ حكومەت كردوویەتی و نرخی دۆلاری لە 1190 دینارەوە بۆ 1445 دینار بەرزكردەوە”.

بە وتەی شیروان میرزا:”لە ساڵی 2016وە سندوقی نەخیتەی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی، داوا لە عیراق دەكەن دەستكاریی نرخی خەرجی دۆلار بكات لە بەرانبەر دینار، عیراق لەو دەمەوە ئەو كارەی نەكرد و لەمساڵدا نرخەكەی دەستكاریی كرد”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت:”لەمساڵدا كورتهێنان زیاتر بوو لە 100 ترلیۆن دینار، حكومەت ناچار بوو دەستكاریی نرخی دۆلار بكات و بەهاكەی لەبەرانبەر دیناردا بەرزبكاتەوە، لەو ڕێگەیەشەوە لەمساڵدا 23 ترلیۆن دیناری دەستكەوتووە، بەو واتایەی قازانجی دەستكاریكردنی نرخی دۆلار لەبەرانبەر دیناردا لەمساڵدا بۆ حكومەت 23 ترلیۆن دینار بووە”.