سەردێر

خەڵك؛ دواین بڕیار لەسەر پڕۆسەی خوێندن ئاشكرادەكات

خەڵك-
جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی تەندروستیشە ئاشكرای دەكات، پڕۆسەی خوێندن ڕاناگیرێت هەرچەندە پێشنیازێك هەبووە، بەڵام بڕیاری لێ‌ نەدراوە.

موسلم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ڕابردوو لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆبووەوە و بڕیاردرا لە 10ی ئازار، كە ئەمڕۆ دەكات هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بكرێتەوە، ئەوەبوو ئەمڕۆش كۆبوونەوە و پێشنیازێك هەبووە بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن تاوەكو 25ی ئازار، بەڵام دەنگی پێ‌ نەدراوە و نەخرایە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

ڕاشیگەیاند، ئێمە وەكو لیژنەی پەروەردە وەكو چۆن پێشتر لەگەڵ داخستنی دەرگای خوێندنگەكان نەبووین، لە ئێساشدا بۆچوونی لیژنەكەمان بە هەمان شێوە بووە و لەگەڵ داخستنی دەرگای خوێندنگەكان نین، چونكە زیانی گەورە بە پڕۆسەی خوێندن دەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، داوامان كردووە پڕۆسەی خوێندن بە سیستمی ئێستا و بە تەناوب بە پەیڕەوكردنی ڕێكاری تەندروستی بەردەوام بێت، هەرچەندە ڕۆژانە ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرنا لە هەڵكشانە، بەڵام ئەوە هەمووی لەسەر كەرتی پەروەردە حساب نییە، چونكە بەشێكی زۆری تووشبووان هاوولاتیانن نەك مامۆستا و خوێندكار.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمان وتیشی، “بڕیاری ئێمە و وەزارەت بۆ هەماهەنگی ئەوە بووە هەر بڕیارێك دەربچێت دەبێت هاوسەنگی تێدابێت بۆ بازاڕ و خوێندنی باڵا و شوێننە گشتییەكانیش نەك تەنها پەروەردە ببێت بە قوربانی”.

موسلم عەبدوڵڵا، كە ئەندامی لیژنەی تەندرستی پەڕلەمانیشە ئاشكرای كرد، لە لیژنەی تەندروستیش هیچ بڕیار و پێشنیارێك نەكراوە بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی پەروەردە و قەدەغەی هاتووچۆ.

بەپێی زانیارییەكان، لیژنەی باڵاى ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریداوە ڕێكارەكان بەرامبەر كافتریا و یانەكانی شەوانە توندتر بكرێن و ڕێوشوێنی قەدەغەی نێرگەلەكێشان زیاتر دەكرێن.

هەر بەپێی زانیاریەكان، بەهارە گەشتی هاووڵاتیان قەدەغە ناكرێت، بەڵام ڕێگای هاتووچۆی نێوان هەرێم و شارەكانی عیراق لە نەورۆزدا دادەخرێت.