سەردێر

دواین بڕیار لەسەر كەرەنتینە و داخستنی دەرگای خوێندنگە و مزگەوتەكان دەدرێت

خەڵك-
بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم ژمارەی مامۆستتایان و خوێندكارانی تووشبوو بە كۆرۆنا ئاشكرادەكات و سەرچاوەیەكی پەڕلەمانی دەڵێت: “لەگەڵ ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن نین”.

د. ڕەھێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە پەراوێژزی سەردانی تەندروستی ڕاپەڕین بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە ١ی شوبات تا ٢٥ی شوباتی ڕابردوو، ١٦٠ خوێندكار و فەرمانبەر و مامۆستا لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون.

لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەك لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشنیاری لیژنەكەیان بۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنای هەرێم ئەوەیە، كە لەگەڵ داخستنی دەرگای خوێندنگەكان نین، چونكە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا هێندە زۆر نییە بە بەراورد بەو ژمارە زۆرەی خوێندكاران و مامۆستایان.

وتیشی، “لەكۆی نزیكەی دوو ملیۆن مامۆستا و خوێندكار تەنها نزیكەی 200 تووشبووی كۆرۆنا هەیە و حاڵەتەكانیش ئاسایین و مەترسیدار نین، بۆیە پێویست بە داخستنەوەی دەرگای خوێندنگەكان ناكات”.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ئەندامی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

لە ئێستادا كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بەردەوامە و بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) تاوتوێی داخستنی دەرگای خوێندنگەكان و مزگەوت و كافتریا و یانەكانی شەوانە دەكرێت، بەڵام هیچ بڕیارێك نییە بۆ كەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ و ڕاگرتنی بەهارە گەشتی هاووڵاتیان.