سەردێر

ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 4846 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 3135 كەسیش چاكبوونەتەوە، 27 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا، ئەمەش بەراورد بە دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوەبینی.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 40 هەزار و 791 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 4846 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە واست بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1432 و لە بەسرە 896 و لە نەجەف 575 و لە واست 260 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 93 هەولێر 158، و دهۆك 84 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 3135 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و نەجەف و واست بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 27 كەس بەهۆی پەتاكە.