سەردێر

ڕاپۆرتێكی پەڕلەمان چەندین نهێنی مەترسیدار لەسەر بەنزین و گاز ئاشكرادەكات

خەڵك-ئارام سەردار
لیژنەی سامانە سروشتیەكان لەڕاپۆرتێكدا مەترسی كۆمەڵێك كاری پاڵاوگە نایاساییەكان و گۆڕەپانەكانی تێكەڵكردنی سووتەمەنی دەخەنەڕوو، كە مەترسی گەورەن بۆ سەر ژینگە و تەندروستی، ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان دەكرێت.

گوڵیزار ڕەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لەڕاپۆرتەكەدا بەپێی ڕێكارەكان بەدواداچوونمان كرد لەسەر پاڵاوگەكان و گۆڕەپانەكانی تێكەڵكردنی بەنزین لەهەرێمی كوردستان، گەیشتن بەچەند دەرەنجامێك دەركەوتووە چەندین گۆڕەپانی تێكەڵكردنی سووتەمەنی و پاڵاوگەی نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن و كاردەكەن، هەروەها چەندین كۆگای عەمباركردن و گۆڕەپانی گەورە هەن لەدرەوەی چاودێریەكانی دامەزراوەكانی دەوڵەتن و لەبواری تێكەڵكردنی نەوت و هەر ڕێكارێكی پتڕۆكیمیاوی دەكرێت.

دەشڵێت: “نەفتا لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئۆكتان تێكەڵ دەكرێت و وەك بەنزین دەفروشرێت و بەنزینی كوالێتی نزم ئۆكتانی بەرزدەكەنەوە ئەمەش كاریگەری خراپ تەندروستی و ماددی هەیە بۆسەر ئۆتۆمبێل”.

لەبارەی دروستكردنی گازوایل وتی، “٩٥٪ ئەو گازەی بەكاردێت بریتیە لەگازی تێكەڵ، كە لەڕۆنێك بەرهەم دێت بەشێكی مۆمە و نەوتی خاو و گۆگرد بەكاردێنن و دواتر گازی قاوەیی لێ دروست دەكەن، لەڕێگای تێزاب و كۆستیك تەسفیە دەكرێت بۆ ئەوەی ڕەنگی بگۆڕێت بۆ زەرد، كە بەهۆی سووتان مەترسی ترشە باران و شێرپەنجە و چەندین لێكەوتەی خراپی تری هەیە، ئەمانەش لە شوێنە نایاساییەكان بەرهەم دێت و مەترسی زۆر لەسەر تەندروستی هەیە”.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت لیژنەیەك پێكبێت لەلایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ بەدواداچوون ڕێگربن لە كارەساتی ژینگەیی و تەندروستی، پێداچوونەوەش بكرێت بە مۆڵەتی پاڵاوگەكان و وتیشی، “ئامانجیش لەڕاپۆرتەكە بۆ داخستنی پاڵاوگە و گۆڕەپانەكان نیە، بەڵكو پێداوچوونەوەیە بەشیوەی كاریان”.