سەردێر

تەندروستکاران نۆرە بۆ ڤاکسین دەنووسن

کارمەندێکی تەندروستی سلێمانی ڤاکسینی بەکارهێناوە

سلێمانی – نزار جەزا

ماوەى سێ ڕۆژە ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتۆتە سلێمانی و بەشێک لەتەندروستکارانیش بەکاریانهێناوە، پزیشکێکیش کە خۆی بەکاریهێناوە  دةلَيَت ڤاکسینەکە ترسی ناوێت، چونکە بەکاریهێناوە و کاریگەری خراپی لەسەر جێنەهێشتووە و هەردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێم و عیراقیش پەسەندیانکردووە.

لەگەڵ ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان و عیراقیش پەسەندکراوە و لەسەرەتادا بەشێک لەتەندروستکاران بەکاریانهێناوە، بەڵام هێشتا بەشێک لەهاوڵاتییان یان کارمەندانی تەندروستی ترسێکیان لەبەکارهێنانی ئەم ڤاکسینە هەیە و پزیشکان و بەرپرسانی تەندروستیش دڵنیاییدەدەن لەوەی کە ڤاکسینەکە بێزیانە، بۆیە بەشێک لەتەندورستکاران نۆرەیان بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە نوسیوە.

کارمەند قادر، پزیشکی پایەبڵندی هەناوی لەنەخۆشخانەى شەهید هێمنی تایبەت بەنەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند،یەکەمڕۆژکە ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە سلێمانی بەکاريهێنا و تاکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی خراپی نەبووە.

ئاماژەى بەئەوەشدا، ڤاکسینەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراق و وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە پەسەندکراوە، بۆیە پێویست نییە تەندروستکاران یان هاوڵاتییان لەم ڤاکسینە بترسن.

باسی لەئەوەشکرد، هەموو ڤاکسینێک هەندێک کارگەری لەسەر کەسەکە دروستدەکات، بۆنمونە شوێنی دەرزییەکە سووردەبێتەوە یان ئازاریدەبێت یان شوێن دەرزییەکە هەڵدەئاوسێ، یان کەسەکە تای لێ دێت، یان کەس هەیە هەستیاری بە مادەى ڤاکسینەکە هەیە، بەڵام ئەمانەش ئاسایین پاش ماوەیەک ئەو کاریگەرییانەش نامێنن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی باش لەتەندروستکاران ناوی خۆیان نوسیوە، بۆئەوەی ڤاکسینەکە بەکاربهێنن.

ناوبراو لەبارەى بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا وتی: لەناو هاوڵاتییاندا ڕێژەى تووشبوون بەکۆرۆنا بەراورد بەڕۆژانی پێشوو کەمێک ڕووی لەزیادبوون کردووە و ڕێژەى ئەو کەسانەشی کە تەندروستییان باش نییە و لەنەخۆشخانەکان دەمێننەوە بەهەمانشێوە ڕووی لەزیادبوون کردووە.

زیاتر ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانەى کە پشکنینیان بۆ دەکەن، هەوکردن لەسییەکانیان دەبینن، بۆیە ئەگەر ڤایرۆسە نوێیەکە بێت یان کۆنەکە هەمان نیشانەى هەیە و هەمان چارەسەریشیان هەیە، بۆیە ئاسایی هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەن.

ئەوەشی باسکرد، ئێستا هەموو تووشبووەکانی کۆرۆنا کە پێویستیان بەنەخۆشخانەیە، لەنەخۆشخانەى شەهید هێمن دەمێننەوە، ئەوانەشی کە باری تەندروستییان زۆر خراپتر دەبێت و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان و چاودێری چڕ دەبێت، دەیاننێرن بۆ نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ.

ئەو کەسەی ڤاکسین بەکاردەهێنێت پێویستە تەمەنی لەنێوان ١٨ بۆ ٦٠ ساڵدابێت و بۆ ماوەیەک پشوو وەربگرێت، بۆماوەیەک چاودێری خۆی بکات، بۆئەوەی ئەگەر هەر نیشانەیەکی لێ دەرکەوت لایەنە بەرپرسەکان ئاگاداربکاتەوە.

لەم قوناغەدا ڤاکسینەکە تەنها بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت، کە لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا کاردەکەن، دواتر ئەگەر بڕی زیاتر گەیشت، بۆ کارمەندانی دیکەی تەندروستی و ئەو کەسانەى نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بەکاردەهێنرێت.

سێ ڕۆژ پێش ئێستا ڤاکسینی کۆرۆنا وەک هاوکاری لەلایەن وڵاتی چینەوە گەیەندرایە سلێمانی، کە بریتیبوو لەهەزار و ٧٢٠ بەشە ڤاکسینە، کە هەر کەسیک دووجار وەریدەگرێت، واتە ئەم بڕە ڤاکسینە بەشی ٨٦٠ کەس دەکات.