سەردێر

دواین زانیاری لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم

خەڵك-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ تەواوكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم چاوەڕێ ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداین.

بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا پڕۆژە یاسای بوودجە بۆ ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان بنێردرێتە پەڕلەمان، ئەمەش دوای 7 ساڵ لە دەرنەچوونی ئەو پڕۆژەیە، بەپێی زانیارییەكانیش بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پڕۆژەكەش ڕووبەڕووی كێشە بووەتەوە.

محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەت هەموو زانیارییەكانی بۆ دەستپێكردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە وەزارەتەكان وەرگرتووە، هەموو داهات و خەرجییەكانیان، بەڵام چاوەڕێی دانوستانەكانی هەرێم و بەغدا دەكەن.
وتیشی”ئەنجامی ئەو دانوستانانە ئەوە دیاری دەكات كە پڕۆژە یاساكە چۆن بێت، ئەگەر لە دانوستانەكان سەركەوتوو بووین و پشكی هەرێمی لە عێراق جێگیر كرا، بەپێی ئەو پشكە پڕۆژە یاساكە ئاڕاستەی پەڕلەمان دەكرێت، بەڵام ئەگەر ئەو مادانەی پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە لە عێراق جێگیر نەكرێن، ئەوكاتە بەگوێرەی داهاتەكانی هەرێم پڕۆژەكە ئاڕاستەی پەڕلەمان دەكرێت، بۆیە ئێستا چاوەڕێی بودجەی عێراق دەكرێت”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوای دەیان كۆبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا تاكو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێكەوتنێك، هاوكات بەپێی زانیارییەكان 150 واژوو ڕادەستی سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق كراوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و بڕیاریش دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەكە بدرێت، تاكو ئێستاش دیار نییە پشكی هەرێم چی لێدێت.