سەردێر

شێخ جەعفەر: ناكۆكییەكان قوڵن

خەڵك-

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ناكۆكییەكان لەسەر داهاتووی ئەم میللەتە بوایە و لەسەر دەستكەوت بوایە بۆ میللەتەكەمان، یان لەسەر دەوڵەتی كوردی و مەسەلەی نەتەوایەتی بوایە، چارەسەرەكان ئاسان دەبوو.

جەعفەر شێخ موستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، پەیامی پاپا پەیامێكی ڕاست و دروست خزمەت بەگەلی عێراق و هەرێم بوو، ئەو پەیامەی پاپا كەباسی ئاشتی دەكات واتە یەكڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسیەكان و هەموو خەڵكی عێراق بەیەك دەنگ بەیەكگرتوویی هەوڵبدەن بۆ ئاشتی، ئەوەی ئەمڕۆ لەناوچەكە دەبینرێت لەعێراق و لەكوردستاندا ئاشتی نییە و بەهۆی ئەوەی لایەنە سیاسیەكان بەگشتی لەنێوان خۆیاندا ناكۆكن.

وتیشی”ئێستا ململانێیەكی زۆر هەیە لەنێوان سونە و شیعە و كورد، ڕەنگە دەستێوەردانی ناوخۆیی هەبێت كە زۆربەی ئەو لایەنانە هەر لایەنێكیان سەر بەشوێنێك بێت و لەشوێنێك ئاڕاستە وەربگرێت، كۆنتڕۆڵیان لەدەستی خۆیاندا نییە، كە كۆنتڕۆڵیش لەدەستی خۆیاندا نەبوو بەدڵنیاییەوە ئەو لایەنەی چۆن بیەوێت هەڵدەسوڕێنێت بۆیە ناكۆكی لایەنەكان ئەوەیە و هەوڵدانە بۆ دەسەڵات و دەستكەوت”.

ئاشكراشیكرد، لەهەرێمی كوردستان، هیچ لایەنێكی سیاسی باسی سەربەخۆیی كوردستان و حوكمی زاتی و فیدڕاڵی و كۆنفیدڕاڵی و چارەنوسی ئەم میللەتە ناكات، ناكۆكییەكان لەوەدا نابینم ئەگەر ناكۆكییەكان لەسەر داهاتووی ئەم میللەتەبوایە، لەسەر مەسەلەی سیاسەتی ڕاست و دروست و هەڵە بوایە، چارەسەرەكان ئاسان دەبوو.

ڕوونیشیكردەوە، ناكۆكییەكان لەوە قوڵترە ئێستا بەیەكەوە دانەنیشن و داشنیشن چارەسەری بچووكترین كێشەیان پێناكرێت مانای ئەوەیە ناكۆكییەكان قوڵن، ناكۆكییەكان شتێكی ڕووكەش و سادەیە نییە ئەگەر قوڵ نییە بۆچی ناگەنە ئەنجامێك.

سەبارەت بە چارەسەری ناكۆكییەكان، شێخ جەعفەر ڕایگەیاند، هیچ چارەسەرێك نییە، دنیا لەجووڵەدایە ئومێد دەكرێت گۆڕانكاریش لەكوردستان هەبێت و ئەو برادەرانەش جارێكی تر بیری ئەوەیان بكەوێتەوە، ئەمڕۆ هاوپەیمانان و هەموو دنیا پشتیوانی میللەتەكەمان دەكەن و دەیانەوێت لەشكرێكی پێشمەرگەی سەربەخۆمان بۆ دروست بكەن هەوڵدەدەن لەهەموو بوارێكەوە هاوكارمان بن لەڕووی ئابورییەوە یارمەتیمان بدەن لەڕووی سیاسی و ئیدارییەوە یارمەتیمان بدەن و ئاوەدانكردنەوە و كاری خزمەتگوزاری بكەن وەبەرهێنان بكەن، ئێمە ئەوانە دەبینین بەدرێژایی مێژوو كورد ئەو پشتیوانییەی نەبووە كەئەمڕۆ هەیەتی حەقە بیر لەوە بكەینەوە كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، ئومێد دەكەم سەركردایەتی سیاسی كورد واز لەهەندێك مەسەلە بهێنن و بگەڕێنەوە سەر بەرژەوەندی میللەتەكەمان و داهاتووی میللەتەكەمان و ئەو قوربانی و فیداكارییەی كە لەپێناوی ئەم كوردستان و میللەتە داویانە.