سەردێر

باران بارین و تەرزە دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە ئێوارەی سبەینێوە شەپۆلێكی دیكەی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە ڕۆژی پێنج شەممەشەوە ڕەشەبای لەگەڵ دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەیانی سبەینێ‌ چوار شەممە لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری لاوازی نزمە پاڵەپەستۆ ئاسمانی ھەرێم بەزۆری نیمچە ھەور ئەبێت و پلەکانی گەرما بەتێکڕایی ٢ پلەی سیلیزی دیکە بەرزدەبنەوە و کەش سەقامگیر ئەبێت و خێرایی با ئاسایی ئەبێت، بەڵام لەکاتەکانی شەو درەنگدا ئەگەری بارانبارینی پچڕ پچڕ و مامناوەند ئەبێت لە ناوچە جیاجیاکان و شاخاویەکانی سنوری پارێزگای (دھۆک، ھەولێر، ڕاپەڕین، باکوری سلێمانی) بە ڕێژەی ٢ بۆ ٤ میلیمەتر .

لای خۆشیەوە، محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی گۆڕانکارییە تازەکان شەپۆلەکەی هەینی بۆ هەموو ناوچەکان باشبووە و ئەگەر گۆڕانکاری ڕوونەدات پێبشبینی بارانی باش و هەورە بروسکە دەکەین لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و هەندێ جاریش تەرزە دەبارێت.

وتیشی، “ڕۆژی پێنج شەممە ئەگەری بای تووند هەیە، كە لە هەندێك ناوچە خێراییەكەی دەگاتە 50 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا”.

لای خۆشیەوە، كەشناسی هەرێم لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی هەینی لەگەڵ باران بارین بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات و پلەکانی گەرما بە نزیکەی 6-8 پلە نزم دەکاتەوە، بۆیە لەکاتی باران بارین ئەگەری تەزرە بارین دەبێت لە هەندێ ناوچە لەگەڵ بەفر بارین لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنووریەکان.