سەردێر

سعودیە یەكەم ڕۆژی ڕەمەزانی دیاریكرد و ئەوقافی هەرێم لیژنەی پێكهێنا

خەڵك-
سەرەڕای لێكدانەوە فەلەكییەكان بۆ دەستنیشان كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، سعودیە بە فەرمی ئەو ڕۆژەی دیاری كرد و وەزارەتی ئەوقافی هەرێم-یش دەڵێت: “ئێمە پشت بە لیژنەی بینینی مانگ دەبەستین و لەكاتی خۆیدا بڕیاری لێ دەدەین”.

یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاریكرا

بەپێی ڕۆژمێری (كۆچی) كە سعودیە كاری پێدەكات و بە فەرمی بڵاویكردۆتەوە، 12-4-2021 كۆتا ڕۆژی مانگی شەعبان-ە و ڕۆژی دواتر (13ی نیسان) كە دەكاتە ڕۆژی سێ‌ شەممە دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ساڵی 1442ی كۆچی.

هەربەپێی ڕۆژمێرەكە، ڕۆژی 17ی ڕەمەزان (شەڕی بەدر) دەكەوێتە 29ی نیسان و (شەوی قەدر)یش كە شەوی 27ی ڕەمەزانە دەكەوێتە 8ی ئایارەوە.

هاوكات، ناوەندی (گقس العرب) بۆ لێکۆڵینەوەی کەشناسی و گەردوونزانی ئاشكرای دەكات، لە ڕێکەوتی ١٢ی نیساندا مانگ بە چاوی سەر دەبینرێت، بۆیە بۆ ڕۆژی دواتر واتە ١٣ی نیسانی ٢٠٢١، یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە.

 

لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێم پێكهێنرا
ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ئامادەكاری دەكات بۆ دەركردنی ڕێنمایی بۆ ئەو مانگە و لیژنەی بینینی مانگ پێكدەهێنێت، كە بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی وەقفی سوننی عیراق یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاری دەكەن.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو خشتە و حساباتە فەلەكیانەی بڵاودەكرێنەوە لە هەرێم كاریان پێ‌ ناكرێت بۆ دیاری كردنی مانگی كۆچی و ڕەمەزان و جەژن، بەڵكو لە هەرێم پشت بە بڕیاری لیژنەی بینینی مانگ دەبەسترێت، كە سەڵانە لەلایەن وەزارەتەوە پێكدەهێنرێت.

وتیشی، “ئەمساڵیش وەزارەتی ئەوقاف لیژنەی بۆ بینینی مانگ پێكهێناوە و لە كۆتا ڕۆژی مانگی (شەعبان) لیژنەكە كۆدەبێتەوە و چاودێری بینینی مانگ دەكات و ئەوان بڕیار لەسەر دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەدەن”.

جەختیشی كردەوە، وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی بینینی مانگ و ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم لەكاتی خۆیدا ڕێكاری پێویست دەگرنە بەر بۆ ئەو بابەتانە.